هەولێر - AA
٢٠٠٣ لەگەڵ رزگاربوونی خەڵکی عێراق لە دیکتاتۆریی بەعس کە ٣٥ ساڵ حوکمی عێراقی کرد، کەم کەس بیری لەوە دەکردەوە کە شیرازەی کۆمەڵایەتیی عێراق سەرەڕای بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سەقامگیر و یەکگرتوو وا لێک بترازێت.
ئۆپۆزسیۆنی عێراق بە دوو کۆنگرەی لەندەن و پیرمام کە مەبەست لێی هەماهەنگی عێراقییەکان بۆ قۆناغی دوای حوکمی سەدام حوسێن بوو، هەمدیسان دەرەقەتی شەپۆلێکی بەهێز ناسەقامگیری ئەمنی و سەرەئەنجام شڵەژانی کۆمەڵایەتیی و ئابووری نەهاتن.
هەر لەسەرەتاوە، پێدانی حوکمی عێراقییەکان بە حاکمێکی سەربازیی و دوایی مەدەنی ئەمریکایی، مانای بێ متمانەیی هاوپەیمانان بە گەلانی عێراق و نوێنەرەکانیان بوو کە واژوویان لەژێر بەیانی هەردوو کۆنگرەکەی لەندەن و پیرمام کردبوو. بێمتمانەییەکە لە لایەن عێراقییەکانیش بێ دژکردەوە نەمایەوە و لە پاڵ بەشێک لە سوننەکان کە خۆیان بە میراتگری بەعس دەزانی، شیعەکانیش کە خۆیان قوربانی دەستی رژێمی بەعس بوون، دژی “داگیرکاری ئەمریکا” هاتنە دەنگ و جەنگیان لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان بە رابەرایەتی ئەمریکا راگەیاند.
بێ متمانەیی عێراقییەکان، ئەوەندە بە ئاسایی نابێ سەیر بکرێت، چونکە ئەوە سەرەتای لێکترازانی کۆمەڵایەتی گەلانی عێراق بوو کە دواتریش هەم لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگا و هەم لە دژی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکەکانی عێراقیش هەر بەردەوام بوو.
- توندوتیژییەکان لە عێراق
بێ متمانەیی و لەپاڵیدا رق و کینە و نەبوونی کولتووری لێبووردەیی و یەکتر قبوڵکردن، کۆمەڵگای عێراقی بەرەو ململمانییەکی ناوخۆیی راکێشا و لەپاڵ شەڕ دژی داگیرکەر، شەرێکی خوێناوی گرووپەکان دژ بە یەکتر سەرانسەری عێراقی گرتەوە.
ململانێی نەتەوەکان، هۆزەکان، پێکهاتە و مەزهەبەجیاجیاکان لەو وڵاتە و دەستبردنیان بۆ چەک و هەندێکجار چەکی دەوڵەتیش بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، عێراقی تووشی گێژاوێکی سەخت کرد.
بە زۆر هۆکار کە یەکێکیان نەبوونی دەوڵەتێکی سەقامگیر بوو لە عێراق، ئاماری کوژراوەکان لە عێراق لەو دوو دەیە ناسەقامگیرەی وڵاتەکە رانەگەیەندراوە. بەڵام ئەوەی هەرگیز نەشارداوەتەوە، کوژرانی زیاتر لە دووسەد هەزار خەڵکی سڤیلی عێراقی بوو لە توندوتیژییەکاندا کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
تێکهەڵچوونەکانی نێوان بەشێک لە گرووپە توندرەوە شیعە و سوننەکان دژ بە یەک و هەردووکیان دژ بە کورد، دەرخەری ئاڵۆزییەک بوو کە سیاسییە عێراقییەکان بەردەوام “ئاشتی کۆمەڵایەتی” وەک درووشمێک بەکار بێنن. درووشمێک کە تا ئێستا (لانی کەم) نەهاتووەتە دی.
دەستوور و هەڵبژاردن لە عێراق و ئەرکی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانیش هیچ کاتێک نەبوونە زامنی مافی خەڵک و تیرۆر جێی بە سەپاندنی یاسا لێژ کرد.
- پەرەسەندنی تیرۆر
توندوتیژییەکان و نەبوونی دەوڵەتێکی بەهێز، رێگەی بۆ دروستبوون و پەرەسەندنی گرووپە رادیکالی و تیرۆریستییەکان خۆش کرد و لە سەرانسەری جیهانەوە، عێراق بوو بە گۆڕەپانێکی گونجاو بۆ رمبازێنی ئەو گرووپانە. هەریەک لە قاعیدە و دواتر داعش، سەرەکیترینی ئەو گرووپانە بوون کە عێراقییەکان بە دەست کردەوە تیرۆریستییەکانیان دەیانناڵاند.
تەقینەوە، رفاندن و دواتر لە ئاستێکی بەرفراوانتردا، داگیرکردنی شار و شارۆچکەکانی لە لایەن گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان، کە هەرگیز نە هێزەکانی هاوپەیمانان و نە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەیانتوانی باشاریان بکەن، رێگەی بۆ ناسەقامگیرییەکی دیکە لەو وڵاتە خۆش کرد.
درووستبوونی دەیان گرووپی رادیکاڵ بە ناوی جۆراوجۆر و ئایدیۆلۆژیای جۆراوجۆر، عێراقییەکانی دوو دەیە لە پێشکەوتن راگرت. ئەوە لە پاڵ ململانێی زلهێزەکانیش، کە عێراقی کردبوویە شوێنی یەکلاکردنەوەی ئامانجە زێدەخوازییەکانیان. لە دوو دەیەی رابردوودا ناکۆکییەکان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و سعوودیە لە لایەک پرسێک بوو کە عێراقییەکان زۆرترین باجیان بۆی دا. گەیشتە ئەو ئاستەی کە حکوومەتی عێراقی (لە رووی ناچار بەڵکو) هەوڵی نێوندگیری نێوانیان بدات و لە بەغدا مێزی دانوستانیان بۆ بڕازێنێتەوە بە ئومێدی ئەوەی عێراقییەکان چیتر باجی سیاسەتی ئەوان نەدەن.
ئەوەی بە ئاشکرا دەبینرا، بەهێزتر بوونی ئەو گرووپانە بوو لە حکوومەتەکانی عێراق. تیرۆری کەسایەتییەکان، رۆژنامەنووسان، تەقینەوە لە سەر شەقامەکان بەشێک بوو لە سیاسەتی گرووپە توندڕەوەکان. بەوەش کۆتایی نەدەهات، ئاراستەکردنی مووشەک و گوللە هاوەن بەرەوە شار و شارۆچکەکان، باڵیۆزخانە و کۆنسولخانەی وڵاتانیش ماوە ماوە دەبێتە رۆژەڤی هەواڵی عێراق.
- ئاوارەبوونی خەڵکی عێراق
لە ئەنجامی پێکدادانەکان، کۆچێکی بە کۆمەڵ بەرۆکی خەڵکی عێراقی گرتەوە و دانیشتووانی باشوور و ناوڕاستی عێراق ماڵ و حاڵی خۆیان بە ناچاری جێهێشت و ئاوارەی دەرەوەی عێراق یان هەرێمی کوردستان بوون کە ئارامترین شوێنی عێراق بوو. دوو شەپۆلی کۆچ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بە گەورەترین کۆچەکانی ئەو دوو دەیەیە هەژمار دەکرێن، یەکێکیان کۆچێک بوو کە لە دە ساڵی یەکەمی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بە تایبەت لە ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ روویاندا کاتێک توندتیژییەکان لە عێراق گەیشتنە لووتکە. شەپۆلی دووهەمیش لەگەڵ هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر ناوچە سوننە و کوردنشینەکان بوو. بە پێی ئامارێکی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە شەپۆلی یەکەمدا زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس کۆچیان کردووە. بە پێی هەندێک سەرچاوەش لە شەپۆلی دووهەمدا زیاتر لە شەش ملیۆن کەس ئاوارە بوون، کە تا ئێستاش بەشێکیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
لە ئەنجامی کۆچی دووهەمی دانیشتوانی عێراق، هەرێمی کوردستان بە حەشیمەتێکی پێنج ملیۆن کەسی دەبوایە میوانداری شەش ملیۆن کەسی کردبا. کەمپەکان پڕ بوون لە ژن و منداڵ بە کەمترین ئیمکانیاتەوە.
- هەژاری
عێراقییەکان لە سەردەمی سەدام حوسێن بە هۆی سیاسەتی شەڕخوازانەی بەعس و سەپاندنی گەمارۆی نێودەوڵەتیی بەسەریاندا، لە دۆخێکی ناهەمواردا بوون. بەڵام ئەم دۆخە لەگەڵ نەمانی سەدام نەک باشتر نەبوو، خراپتریشی بەدوا داهات.
چاوەڕوانییەکان بۆ سەرمایەگوزاری بیانی نەهاتە دی و گەندەڵی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان رێگر بوو لەبەردەم خواستی عێراقییەکان بۆ ژیانێکی ئاسوودە.
لەپاڵ ئەوەشدا بە هۆی شەڕ و ناسەقامگیرییەکانەوە کە وەک باس کرا بەشێکی زۆر لە عێراقییەکانی لە ماڵ و حاڵی خۆیان کرد، هەژارێکی ماڵوێرانکەری بە دوادا هات. نیشتەجێکردنی زۆرەملیی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا و دەستپێڕانەگەیشتنیان بە سەرەتاییترین خواسەتەکان لە بەشێک لە کەمپەکان وەک خواردن، ئاوی خاوێن، پێداویستی تەندروستی و خوێندن، لەو گرفتانە بوون کە بە زەقی هەستی پێدەکرا.
لە کەمبوونەوە یارمەتی رێکخراوە بیانییەکان و خێزخوازییەکان و توانای سنوورداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەژاریی رۆژ بە رۆژ رووی لە زیادبوون بوو.
تەنیا کەمپەکان لەو دۆخەدا نەبوون و شەقامی عێراقیش دوور نەبوو لەو دیاردەیە. فڕێدانی منداڵی تازە لەدایکبوو، لەشفرۆشی، کارکردنی منداڵانی سەر شەقام و دەرۆزەکردنیان، ئەو دیاردانە بوون کە ناوە ناوە دەبوویە سەردێری رۆژنامەکانی عێراقی.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ رایگەیاند کە قەبارەی گەندەڵی لە عێراق لە دوای ٢٠٠٣وە گەیشتووەتە ٦٠٠ ملیار دۆلار. ئەوە لە پاڵ ئەوەی کە بە پێی گوتەیەکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق حەیدەر عەبادی، تەنیا زیانەکانی شەڕی داعش وەک تێچووی ئابووری و تێکدانی ژێرخانی عێراق سەد ملیار دۆلار خەملێندراوە.
دەرئەنجام:
ئەگەرچی ئەمریکییەکان لەسەرەتا دا "پرۆسەی ئازادی" لە عێراقیان وەک بەرنامەی کاری خۆیان ناساند، بەڵام لە کۆتادا داننیان بە "داگیرکردن"ی عێراق و سەرەئەنجام بە ناو دیموکراتیزەکردنی عێراقییەکانن وەک تێزی ئۆباما کە بە خەڵکی عێراق ناسێندرا، نەبووە هۆی دڵخۆشکردنی عێراقییەکان. ئەو وڵاتە لە دوو دەیەی رابردوودا بە زۆر هۆکار، هەر لە دەستوەردانی بیانی تا دەگاتە نەبوونی زەمینەی پێویست بۆ دیموکراتیزەبوون لە ناوخۆدا، نەبووە جێی رەزامەندی دانیشتوانی و تیرۆر و توندوتیژی و سەرئەنجام ئاوارەبوون و هەژاری لێکەوتەوە. عێراقییەکان بە شارستانیەتێکی چەندین هەزار ساڵە بوون، بەبێ ئەوەی خۆیان هەستی پێبکەن، هەندێکجار بوون بە ئامرازێکیش لە دەست زلهێزەکان و بە دەستی خۆیان ماڵیان لێ وێرانکرا. ئەوە بوو کە دەستوور و هەڵبژاردن لە عێراق و ئەرکی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانیش هیچ کاتێک نەبوونە زامنی مافی خەڵک و تیرۆر جێی بە سەپاندنی یاسا لێژ کرد.
سەرچاوەکان:
news_share_descriptionsubscription_contact

