Rewa Mahmood Hasan
12 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2022
سلێمانی - AA
کاتژمێر ٠٩:٣٠ی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، قایمقامی قەزاکە و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی سلێمانی لە کێڵگەی مینی شێخە کوژراو سەربە گوندی کانی مانگا لە قەزای پێنجوێن تەقینەوەیەک بۆ ١٥٠ مینی ڤاڵمارا و ژمارەیەک تەقینەوەی تر ئەنجام درا.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، جەبار مستەفا رەسووڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە قەزای پێنجوێن لە کێڵگەی گردی شێخە کوژراو کە ٤٨ هەزار مەتر دووجایە و لە مانگی تەمووزەوە لە سایەی پڕۆژەی رێکخراوی ئای تی ئێف کە کاری پاکسازی بۆ ئەنجامدراوە، توانراوە ١٩ هەزار مەتردووجا لە مین و پاشماوەی جەنگیی پاک بکرێتەوە".
سنووری قەزای پێنجوێن لە هەموو قەزاکانی دیکەی سنووری سلێمانی زیاتر پیس کراوە بە مین و پاشماوەی جەنگیی، ڕووبەری پیسکراوی سنووری قەزای پێنجوێن بە مین و پاشماوەی جەنگیی ٥٨ کیلۆمەتر چوارگۆشە پێکدێنێت، لەو ژمارەیەش ١٣ کیلۆمەتر چوارگۆشە لەسەر دەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مینی سلێمانی پاک کراوەتەوە کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا ٢٥.
جەبار مستەفا رەسووڵ باسی لەوەیش کرد لە ئەنجامی کنەوپشکنین لەو کێڵگەیەدا، تاوەکو ئێستا ٢٩٧ مین دۆزراونەتەوە کە زۆربەیان لە جۆری ڤاڵمارا ڤی ٦٩ی ئیتاڵیین و لە پرۆسەیەکدا چارەسەریان بۆ دەکرێت و لە چاڵی تەقینەوەدا لەناودەبرێن، ئەوەیش بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مینی سلێمانی و تیمەکانی یو ئۆ دی.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان لەبارەی جۆری مینی ڤاڵماراوە گوتی: "ڤاڵمارا ڤی ٦٩ جۆرە مینێکی ئیتاڵییە و پێیشی دەگوترێت مینی بازدەری پارچەدارە. مینەکە بکووژە و بە هەر کەسێکدا بتەقێتەوە دەیکوژێت".
لەبارەی پیسبوونی سنووری قەزاکە بە مین و پاشماوەی جەنگیی، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، جەبار مستەفا رەسووڵ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد "سنووری قەزای پێنجوێن بە دوو هۆکار بە مین و پاشماوەی جەنگیی پیس بووە. یەکیان شەڕی نێوان عێراق و ئێران کە ئەم ناوچەیە لەو کاتەدا بووبووە شەڕگە. یەکێکی دیکەشیان هێرشەکانی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کە دژی هێزی پێشمەرگە ئەنجامیانداوە".
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، جەبار مستەفا رەسووڵ لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا و لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە پاککردنەوەی خاکی عێراق لە مین بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، گوتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق ئەندامین لە رێککەوتننامەی ئۆتاوا کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لەنێوان ئەو وڵاتانەی گیرۆدەی مینن یان کێشە و گرفتی مینیان هەیە ئەنجام درا. بەپێی رێککەوتننامەکە بڕیاربوو تاوەکو ساڵی ٢٠١٨ عێراق و هەرێمی کوردستان خاڵی بکرێنەوە لە مین و پاشماوەی جەنگیی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسیی و سەربازیی و شەڕی تیرۆریستانی داعش نەتوانرا ئەو ئیلتیزامە نێودەوڵەتییە جێبەجێ بکرێت. لەسەر داوای عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو وادەیە درێژکرایەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٨، هەروەها هەلومەرجەکان بڕیار لەوە دەدەن داخۆ تاوەکو ئەو وادەیە هەرێمی کوردستان و عێراق لە مین و پاشماوەی جەنگیی پاک دەکرێنەوە یان نا."
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، جەبار مستەفا رەسووڵ هەروەها لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە ژمارەی قوربانییانی مین لە هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئەمساڵ تاوەکو ئێستا ٣٦ کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیە ٣٠ کەسیان کەمئەندام بوون و دەست و قاچیان لەدەستداوە، شەش کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە. دوو کەسیان لە سنووری سلێمانی و دووانیان لە سنووری هەولێر و دووانی دیکەیش لە سنووری دهۆک بوون".
جەبار مستەفا رەسووڵ هەروەها بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ڕێژەی قوربانییەکان، خۆشبەختانە، لەچاو ساڵانی پێشوو کەم بووەتەوە بەجۆرێک ساڵی پار تاوەکوو ئەم کاتانە ٤٢ قوربانی هەبوون، لەو ژمارەیە ١٩ کەسیان گیانیان لەدەستدابوو."
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، جەبار مستەفا رەسووڵ سەبارەت بە ئاماری مین لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "نزیکەی ١٣ ملیۆن مین لە عێراق و حەوت ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستان هەبووە."