Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی ـ AA
قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران کاریگەری لەسەر ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ھەرێمی کوردستان لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ (دەکەوێتە سنووری قەزای پێنجوێن سەربە پارێزگای سلێمانی) دروست نەکردووە و دۆخەکە ئاساییە.
بەڕێوەبەری گشتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، ئەزوەر مەحمود لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە بارەی کاریگەری سزاکانی سەر ئێران لەسەر ئاڵوگۆڕی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاند، "بارودۆخی سیاسی ھەرێمی و نێودەوڵەتی کاریگەری ھەیە لەسەر بازرگانی و ئاڵوگۆڕی شمەک و کەلوپەل لە دەروازەکە، قۆناغی نوێی سزاکانی ئەمریکاش لەسەر ئێران کە دوێنێ چووە بواری جێبەجێکردنەوە درێژکراوەی ئەو سزایانەیە کە ماوەی چەندین ساڵە لەسەر ئەو وڵاتە ھەیە".
ئەزوەر مەحمود گوتی: "تا ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی باشماخ ئاساییە و وەک خۆیەتی و ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە، ئەوەی ئێمەش ئاگادارین بەردەوام دەبێت و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکاش ھەشت وڵات بەخشراون لە مامەڵەکردنی بازرگانی لەگەڵ ئێران و دەتوانن ھەناردەکردن و ھاوردەکردن بکەن و نەوت لە ئێران بکڕن، عێراق تا ئێستا بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکەین عێراق یەکێک بێت لەو وڵاتانە".
بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ ئەوەشی گوت "بەخشینی ئەو وڵاتانە رەنگە بە شێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی شەش مانگ یان یەک ساڵ بێت و دواتر ئەو دۆخە شێوازێکی تر وەربگرێت".
ئەو باسی لەوەش کرد، تا ئێستا ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی سووتەمەنی لەو دەروازەیەوە بەردەوامی ھەیە و ھیچ کێشەیەکی نییە.
دەروازەی باشماخ دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە و رۆژانە نزیکەی ٧٠٠ ئۆتۆمۆبێلی بارھەڵگر لەو دەروازەیەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن.
لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گومرکی باشماخ، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "پرسی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران لە دەروازە سنوورییەکانەوە پەیوەستە بە سیاسەتی حکوومەتی ناوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە، دەروازە سنوورییەکانیش بابەتێکی ئیتیحادییە و ئێمەش چاوەڕوانی بڕیاری بەغدا دەکەین، ئەو بڕیارەش دەبێت لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە موسادەقە بکرێت ئەوکات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ئەو گوتی: "لەئێستادا ھیچ شتێک نییە کە مەترسی لەسەر جموجوڵی بازرگانی لە باشماخ دروست بکات، ئەگەر دروستیش ببێت پێناچێت مەترسی لەسەر بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، بەو پێیەی عێراق چەندین دەروازەی تری سنووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ھەیە".
لە لای خۆیەوە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "سزاکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران کاریگەریی لەسەر بازاڕی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دروست ناکەن و خاڵە سنوورییەکانی نێوان ھەرێم و ئێران کراوەن و شتومەک ئاڵوگۆر دەکرێت بەبێ ھیچ گرفتێک".
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە لەوەی کە سزاکان سێکتەرەکانی زێڕ و کانزا و سووتەمەنی و کەرتی کەشتیوانیی و بانک و بیمە و مامەڵەی نێودەولەتی بە دۆلار و تمەنەوە و سێکتەرە بنەڕەتییەکانی ئێران-یان کردۆتە ئامانج و بەرھەم و پێداویستیی خۆراکی و داودەرمان ناگرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ ناکرێت کە ئەو سزایانە کاریگەرییان ھەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەکیەکانی ناو بازاڕی ھەرێم".
دوێنێ دووشەممە قۆناغی دووەمی ئەو سزایانەی کە لە دوای کشانەوەی تاک لایەنەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.