Ali Makram Ghareeb
18 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2022
کەرکووک - AA
بەهۆی زیادبوونی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە گوندەواری نێوان شارەکانی کەرکووک و سەڵاحەددین ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەست پێ کرد.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن هێزی پۆلیسی فیدراڵی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لەو ئۆپەراسیۆنەی لە گوندەواری نێوان کەرکووک و سەڵاحەددین کراوەتە سەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە لەو ناوچەیەدا چالاکی هەیە، کەسێک برینداربووە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە گوندەواری نێوان قەزای دوزخورماتوو و کەرکووکدا ئەندامێکی رێکخراوی تیرۆرۆستیی داعش دەستگیرکراوە و، ژمارەیەکی زۆر حەشارگەی تیرۆریستانی رێکخراوەکە لەناوبراوە و دەستیشگیراوە بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک، تەقەمەنی و پێداویستی ژیاندا.
ئەو تیرۆریستەی دەستگیرکراوە لە پاش رێکاریە یاساییەکان رەوانەی دادگا کرا.
لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا، لە دوای داگیرکردنی شارەکە، لە رۆژی شەشی ئابی هەمان ساڵ هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و ئەو ناوچانەشیان داگیرکرد.
مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەكان بە پاڵپشتی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند كە بە سەدا ٥٠ی خاكی عێراق ھەژماردەكرا كە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ كۆنترۆڵی كردبوو.
سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧دا، سەركەوتنی بەسەر ئەو رێكخراوەدا راگەیاندبوو.
وێڕای ئەوەی ھێزەكانی عێراق، رێکخراوی تیرۆریستی داعش-یان لە ناوچەكان شكست پێ هێناوە و شارەكانیان ئازادكردووە، بەڵام شانە نووستووەكانی رێكخراوەكە تاكو ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەكانیان بەتایبەت لە گوندەواری پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووک، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.