Ali Makram Ghareeb
18 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2022
کەرکووک - AA
بەهۆی ساڵانی جەنگ و بارودۆخی خراپی عێراق، بەشێک لە حەمامە مێژووییەکانی شاری کەرکووک کە زۆربەیان لە سەردەمی عوسمانییەکان-دا دروستکراون، خاپوور کران و ئەوانەیشی کە ماونەتەوە خەریکە بەهۆی پشتگوێخستنەوە لەناودەچن.
مێژوونووس و توێژەر و نووسەری کەرکووک، نەجات کەوسەرۆئۆغڵو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو-ی راگەیاند، حەمام لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا ئێستا بەشێکی گرنگی ژیانی کۆمەڵایەتی بووە و بە درێژایی مێژوو گرنگی پێدراوە.
کەوسەرۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە یەکەم حەمام لە شارەکە بەناوی حەمامی عەلی بەگ لە سەرەتای ساڵانی ١٦٠٠دا لە گەڕەکی بەیلەر دروستکراوە.
ناوبراو ئاشكراشی كرد، حەمامەكانی كەركووك بەپێی تەكنیكی دروستكردنی سەردەمی عوسمانی دیزاین کراون، بەڵام تەلارسازیی ناوەوەیان هەیە كە تایبەتە بە كەركووك.
- "پێویستە ئەم حەمامانە بپارێزرێن"
کەوسەرۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم حەمامانە کە رەنگدانەوەی تەلارسازیی راستەقینەی کەرکووک-ن، خەریکە لەناودەچن، گوتی: "بەداخەوە کە ئەم شوێنەوارە مێژووییانە کە چەندین سەدە خزمەتیان بە خەڵک گەیاندووە، لە لێواری نەماندان. بەهۆی سەختی و تێچووی نۆژەنکردنەوەیان، خاوەن حەمامەکان پێویستیان بە پاڵپشتی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە. بۆیە پێویستە دەوڵەت ئەم حەمامانە بیپارێزێت".
لەیلا عەلاف کە سەرپەرشتیاریی حەمامی حاجی حەسەن دەکات کە یەکێکە لە دێرینترین حەمامەکانی شاری کەرکووک رایگەیاند، ئەم حەمامە مێژووییە کە لە باوکی بە میرات بۆی ماوەتەوە، ماوەی ٣٠ ساڵە داخراوە.
عەلاف روونی كردەوە كە بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی ژیان و دروستكردنی حەمامی مۆدێرن لە خانووەكاندا، کەمتر گرینگی بە حەمامە مێژووییەکان دەدرێت، ئەوەشی خستەڕوو كە نۆژەنكردنەوەی ئەو جۆرە حەمامە مێژووییانە قورسە.
ناوبراو جەختی لەوە كردەوە كە حەمامەکان مەترسی رووخانی لەسەرە چونكە ساڵانێكە داخراون، ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان پێویستیان بە پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیری عێراق-ە و دەیانەوێت حەمام و میوانخانە و چەندین شوێنی مێژوویی بگەڕێنەوە ناو ژیانی كۆمەڵایەتی.
یەکێک لە دوکاندارەکانی نزیک حەمامی حاجی حەسەن بەناوی مەتین ئەڵڵاڤەردی، ئاماژە بەوە کرد کە حەمامە مێژووییەکان لە دۆخێکی خراپدان و گوتی: "ئەو حەمامە کە ساڵانێک پشتگوێخرابوو، زیاتر وێران بووە، چونکە ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن بازرگانەکانەوە وەک کۆگا بەکاردەهێنرا، من لە منداڵیدا لەگەڵ باوکم دەهاتمە ئەم حەمامە، نیگەرانین لەوەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە بەرەو لەناوچوون دەچێت".
بەشێک لە حەمامەکانی گەڕەکەکانی بویوک بازار، موسەڵا، چای، قۆریا، شاتورلو و بەیلەر لە ناوەندی شارەکە کە زۆرینەیان لە سەردەمی عوسمانییەکاندا دروستکراون، خاپوور کران و بەشێکیشیان لەوانەی ماون پشتگوێخراون.