Fakhradın Ibrahım Mohammad
15 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی بەریتانی دەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە هەواڵێکدا رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/15 سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پێشوازی لە شاندێکی باڵای بەریتانی کرد بە سەرۆکایەتی راوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەلاتی ناوەڕاست جەنەراڵ سێر جۆن لۆریمەر.
بە پێی ئەم هەواڵە، لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ستیفن هیکی و کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر جەیمس سۆرۆنتن ئامادەیبوون، دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران و جەخت لە هێورکردنەوەی بارودۆخی عێراق و چارەسەکردنی کێشەکان بە رێگای دایەلۆگ کرایەوە. هەروەها ئاماژە بەوە درا کە شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.