Fahrettin İbrahim
06 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، هێزێکی پشتیوانی بە چەکی قورسەوە رەوانەی گەرمیان کرد.
لە هەفتەی رابردوودا چەكدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوو پەلاماریان لە هەریەکە لە گوندەکانی كوڵەجۆی سەر بە قەزای كفری و دەكەی نزیك خانەقین ئەنجامدا و بووە هۆی شەهیدبوونی سێ كارمەندی ئاسایش و سێ پێشمەرگە.
بۆ لە نزیکەوە چاودێری گواستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە شوێنەکە ئامادەبوو و لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەکانی گەرمیان کۆبوویەوە.
شیخ جەعفەر روونیکردەوە کە گواستنەوە ئەو هێزانە لەسەر فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بووە.
جموجۆڵی گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە داعش هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەغدا و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی لە ماوەی هەفتەی دواییدا نیگەرانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتۆتەوە و لەم بارەیەوە سەرۆکی هەرێم رایگەیاند کە داعش ھێشتا ھەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیھان.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها داوای لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژە داعش کرد کە بە "ھەمان گوڕ و تینی جارانەوە بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت تیرۆریستان بارودۆخی نالەباری عێراق و ناوچەکە بقۆزنەوە، ھەوڵەکانیش چڕ بکرێنەوە بۆ ھەرچی زووتر کۆتاییھێنان بە ھەلومەرجی شێواوی عێراق و گێڕانەوەی سەقامگیری".