Heman Hussein Yaseen
02 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
دوا کۆمەڵکووژی رژێمی بەعسی رووخاو لە هەولێر، کوشتاری ئەو تورکمانانە بوو، کە لە ساڵی ١٩٩٦ لە بارەگاکانی بەرەی تورکمانیدا بە دیل گیران.
بەرەی تورکمانی عێراق رۆژی دووی ئەیلوولی وەک رۆژی شەهیدانی تورکمان دەستنیشان کردووە و ئەوەش دوای ئەوە ٣٨ چالاک و سیاسەتمەداری تورکمان لەو رۆژەدا لە لایەن سوپای عێراقەوە لە ساڵی ١٩٩٦ بەرەو بەغدا راپێچ کران و دواتر وەک ئەوەی بەرەی تورکمانی دەلێت، بە بێ هیچ دادگاییەک لەسێدارە دران.
ئایدن مەعروف دەڵێت، تا ئێستاش تەرمی بەشێک لەو قوربانیانەمان وەرنەگرتووەتەوە و هەر یەکە لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم قوربانیانی کۆمەڵکووژییەکەیان بە شەهید تۆمار کردووە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف باسی رووداوەکە دەکات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "لە رابردوودا بە داخەوە، کە شەڕی ناخۆیی و براکوژی کرا، ھەموو مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە کەوتنە ژێر کاریگەری شەڕەکە. لە میانی ئەو پێکدادانەدا، رژێمی بەعس بە دەرفەتی زانی کاتێک ھاتە ناو ھەولێر، لە دووی ئەیلوول ھێرشیان کردە سەر بارەگاکانیی بەرەی تورکمانی و ٣٨ کەسایەتی سیاسی و چالاکانی تورکمانیان رفاند. ئەو چالاکانەیان سەرەتا بۆ مووسڵ و دواییش بۆ بەغدا گواستووەتەوە. ئەو کەسانە بە بێ ھیچ دادگایییەک لەسێدارە دران و شەھید بوون".
ئایدن مەعروف دەشڵێت: "لەو کاتەدا ئەو کۆمەڵکوژییە کاریگەری زۆری لەسەر کۆمەڵگای تورکمان و بزووتنەوەی تورکمانی و بە تایبەتی بەرەی تورکمانی ھەبوو کە ماوەی یەک ساڵ بوو دامەزرابوو. ئەو کردەوەیە لەبەرچاوی ھەموو جیھان ئەنجام درا. ئەوە یەکەم کۆمەڵکوژیی نەبوو، لە ھەمووشیاندا خەڵکی بێ تاوان بەر شاڵاویی دڕندەیی بەعس کەوتن".
بە گوتەی ئایدن مەعروف ئەو کەسانە بەهۆی بۆچوونی نەتەوەییان لەسێدارەدراون و لەمبارەیەوە دەڵێت: "بەراستی ئەو کەسانە تەنیا لەبەر ئەوە لەسێدارەدران کە بۆچوونی نەتەوەییان ھەبوو و تورکمان بوون. تەنانەت تەرمەکانیشیان رادەست نەکرانەوە و دوای رووخانی رژێمی بەعس تەرمەکان گەڕێندرانەوە و رادەستی کەسوکاریان کرانەوە".
ئایدن مەعروف دەشڵێت: "ئێستا ٢٥ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە تێپەریووە. تا ئێستاش تەرمەی بەشێک لەو ئازیزانەمان وەرنەگرتووەتەوە. داوای لێخۆشبوون بۆ شەھیدەکانمان دەکەین و سەبر بۆ خانەوادەکان و کۆمەڵگای تورکمان دەخوازین".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن کە ماف بۆ کەسوکاری شەهیدەکان بگێڕنەوە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئێمە وەک بەرەی تورکمانی خۆمان بە خاوەنی ئەو شەھیدانە دەزانین و بە ئەرکی سەر شانی خۆمان دەزانین کە مافەکان بۆ کەسوکاریان بگێڕینەوە و لە چوارچێوەیەشدا ساڵانە لە ھەموو بارەگاکانی بەرەی تورکمانی لەسەرانسەری عێراق یادی شەھیدەکانمان دەکەینەوە".
لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەدا، دەربارەی ماف و ئیمتیازاتی شەهیدەکان، ئایدن مەعروف دەڵێت: "دوای ساڵی ٢٠٠٣ ئێمە داوامان لە حکوومەتی نوێی عێراق کرد کە مافی مەعنەوی کەسوکاری شەھیدان بگێڕێتەوە و قەرەبوویان بکرێتەوە و ئەو داوایەمان پەسەند کرا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و قەرەبووی بەشێک لە کەسوکاری شەھیدان کرایەوە. ھاوکات لەلایەن حکوومەتی ھەرێمیشەوە ئیمتیازی شەھیدانە بۆ کەسوکاری شەهیدەکان دابینکراوە و بەو شێوەیە قەرەبوویان دەکرێتەوە".