Sarmand Hameed
02 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2021
عێراق - AA
هێزەکانی سەربە سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە رۆژئاوای شای مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دەستپێکرد.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، هێزێکی سوپا بە پشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە ناوچەی چیای عەتشانە رۆژئاوای مووسڵ بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعس، دەستپێکرد.
ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە دێت کە هەست بە جموجۆڵی شانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکەدا کراوە.
لە ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢١، بەغدا و واشنتۆن رێکەوتن لەسەر کشانەوەی سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢١.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە هاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات.