Abdulhameed Husseın Karam
14 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2025
ھەولێر - AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەی پەسەند کرد.
دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی ١٧٨ پەرلەمانتار بەرێوەچوو و بە زۆرینەی دەنگ ھەڵەبجە وەک ١٩ ھەمین پارێزگای عێراق پەسەند کرا.
پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بڕیاربوو بەر لە جەژنی ڕەمەزان پەسەند بکرێت بەڵام بە هۆی ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکان دواخرا و ئەمڕۆ سەرەئەنجام پەسەند کرا.
ژمارەی دانیشتووانی ھەڵەبجە نزیکەی ١٢٠ ھەزار کەسە، پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکھاتووە؛ قەزای ناوەندی ھەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.
١٦ی ئاداری ١٩٨٨، رژێمی پێشووی عێراق، شاری ھەڵەبجەی کیمیاباران کرد، لە ئەنجامی ئەو تاوانەدا نزیکەی ٥ ھەزار کەس گیانیان لەدەستدا و بە ھەزارانیش بریندار بوون، ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی ھەڵەبجە لە جیھانیشدا ناسراو بێت.