Abdullah Abdulmanaf Shukur
30 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر - AA
کۆمەڵێک پێشھاتی زۆر گرنگ وایکرد کە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ عێراقییەکان زۆر جیاواز بێت، بە جۆرێک کە ساڵەکە بە کوشتنی فەرماندەی قەیلەقی قودسی ئێران، قاسم سولەیمانی لە بەغدا دەستی پێکرد و وا خەریکە بە پێکدادانی نێوان حکوومەتی عێراقی و ملیشیا شیعەکان کۆتایی پێ بێت.
زیادەرۆیی نابێ ئەگەر بگوترێ کە ھەموو رۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٠ رۆژانی ئاسایی نەبوون بۆ زۆربەی ھاووڵاتییانی عێراقی و ئەمانەی خوارەوەش گرنگترین پێشھاتەکانی ساڵی ٢٠٢٠-ن.
- کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس
ساڵی ٢٠٢٠ بە پێشھاتێکی ئەمنی زۆر ھەستیار بۆ عێراقییەکان دەستیپێکرد و لە سێی کانوونی دووەم، فەرماندەی قەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
-متمانەدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی
لە رێکەوتی حەوتی ئایاری ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی دا و لە دوای ماوەیەکی درێژ لە دانوستانەکان کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی پێکھات.
- زیادبوونی جموجۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعش
پێشھاتێکی دیکەی گرنگ لە ساڵی ٢٠٢٠دا بریتی بوو لە زیادبوونی جموجۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە مانگەکانی یەکەمی ئەمساڵ بە سوود وەرگرتن لەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە بەشێکی ناوچەکانی عێراق دروستبوو بوو، لەم چوارچێوەیەشدا چەندین ھێرشی تیرۆریستی لە پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەددین،ئەنبار، نەینەوا و کەرکووک ئەنجامدران.
- دەستگیرکردنی ئەندامانی حزبوڵڵا لە شاری بەغدا
لە رێکەوتی ٢٥ی حوزەیران ھێزەکانی حکوومەتی عێراقی چەند ئەندامێکی حزبوڵڵا عێراقیان بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ھێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز دەستگیرکرد و ئەمەش بووە یەکەمین تاقیکردنەوەی پرسی ئەمنی بۆ حکوومەتی نوێی عێراق.
- گفتوگۆی ستراتیژی لە نێوان ئەمریکا و عێراق
لە رێکەوتی ١١ی حوزەیران، گفتوگۆی ستراتیژی لە نێوان ئەمریکا و عێراق دەستیپێکرد و تێدا تاوتوێی چەندین دۆسییەی گرنگی ئەمنی، سەربازیی و ئابووری پەیوەندیدار بە ھەردوو وڵات و ناوچەکە و جیھان تاوتوێ کرا.
- تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق
یەکەمین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ٢٤ی شوبات لە شاری نەجەف تۆمارکرا و لە ٢٧ی ھەمان مانگیش یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بەم ڤایرۆسە لە شاری بەغدای پایتەخت تۆمارکرا.
لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٢٠ ھەزار حاڵەتی تووشبوون لە سەرتاسەری عێراق تۆمار کرا و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا ئەم ژمارەیە گەیشتە ٦٠٠ ھەزار حاڵەت.
- کوشتنی میدیاکار و توێژەری دیاری عێراقی، ھیشام ھاشمی
پێشھاتێکی دیکەی گرنگ کە لە مانگی ئاب روویدا و زۆربەی عێراقییەکانی تووشی شۆک کرد بریتی بوو لە کوشتنی میدیاکار و توێژەری دیاری عێراقی، ھیشام ھاشمی. ناوبراو یەکێک بوو لە راوێژکارانی کازمی و بە کەسێکی دژبە گەندەڵی و مەزاھەبگەرایی و تیرۆریزم ناسرا بوو.
- بەستنی لووتکەی سێقۆڵی نێوان عێراق-میسر-ئوردن
ھەر لە مانگی ئابی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و شای ئوردن، عەبدوڵای دووەم کە تیایدا پرسی ھەماھەنگی ئابووری تاوتوێکرا، پێشھاتەیەکی گرنگی دیکە بوو بۆ عێراق و وڵاتانی ناوچەکە.
-راگەیاندراوەکەی عەلی سیستانی لەبارەی پێشھاتەکانی عێراق
لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٠دا، مەرجەعی شیعە لە عێراق، عەلی سیستانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێدا پشتیوانی خۆی بۆ حکوومەتەکەی کازمی دووپاتکردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەجێگەیاندنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و پاراستنی سەروەری وڵات و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
- واژووکردنی رێککەوتننامەی شنگال
دوای ئەمەش لە مانگی تشرینی یەکەم، رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان واژووکرا بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە و دەرکردنی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
- ھێرشکردنە سەر لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا
هەر لە مانگی تشرینی یەکەم، دوو رووداوی ئەمنی روویاندا، یەکیان بریتی بوو لە ھێرشکردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا و سوتاندنی ئاڵای کوردستان لەلایەن گرووپێکی سەربە حەشدی شەعبی، ئەوەی دووەمیان بریتی بوو لە کوشتنی چەندین ھاووڵاتیی عێراقی لە ناوچەی فەرحاتییە سەربە پارێزگای سەڵاحەددین.
لە ٢٦ی تشرینی یەکەم، حزبی بەعس مردنی عیزەت ئیبراھیم دووری راگەیاند و بی ئەوەی ئاماژە بە شوێنی ناشتنەکەی بکرێ.
- دابەزاندنی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی
پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ، دابەزینی نرخی نەوتی خاو لەسەرتاسەری جیھان، حکوومەتی عێراقی ناچار کرد بەھای دینار لە بەرامبەر دۆلار دابەزێنێت.
- مەترسی پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکە
لە دوا رۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا، گرژییەکانی نێوان ھێزەکانی ئەمنیی عێراق و میلیشیا شیعەکان زیادی کرد، لە کاتێکدا مەترسی سەرھەڵدانی پێکدادان لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئارادایە.