Heman Hussein Yaseen
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2021
ههولێر - AA
پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر کرد و ئاماژە بەوە کرد کە ههرێمی كوردستان لەکاتە سەختەکاندا دەرگای بۆ ھەزاران لێقەوماوی شارەکانی تری عێراق، تەنانەت وڵاتانی دراوسێش ئاوەڵایە و لەسەر ئاستی فەرمی و میللی دەیانحەوێنێتەوە و پەنایان دەدات، بۆیە پاراستنی ئەو پەناگە ئارامەی ناوچەکە کە جێگەی ھەموو جیاوازیەکانی تیادا دەبێتەوە، بە پلەی یەکەم ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشە.
پەرلەمانی کوردستان لە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ''بەداخەوە دوێنێ شەو تیرۆریستان لە کارێکی ترسنۆکانەدا، بە مووشەک چەند شوێنێکی پایتەختی ھەرێمی کوردستانیان بۆردومان کرد، لێرەوە بەناوی پەرلەمانی کوردستان زۆر بەتوندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری ھەولێر دەکەین''.
لە راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا هەروەها هاتووە "ھەرێمی کوردستان نەوایەکی ئارامە بۆسەرجەم پێکھاتەکانی، لەکاتە سەختەکاندا دەرگای بۆ ھەزاران لێقەوماوی شارەکانی تری عێراق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش ئاوەڵایە و لەسەر ئاستی فەرمی و میللی دەیانحەوێنێتەوە و پەنایان دەدات، بۆیە پاراستنی ئەو پەناگە ئارامەی ناوچەکە کە جێگەی ھەموو جیاوازیەکانی تیادا دەبێتەوە، بە پلەی یەکەم ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشە''.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە ''دەبێت دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی ئەرکە دەستووری و یاسایی و سیاسییەکانی بێت، بەھاواھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم پەلە بکات لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە تیرۆریستان و ناحەزان لێیەوە دزە دەکەن بۆ پەلاماردانی ھەرێمەکەمان و تێکدانی دۆخی شار و شارۆچکەکانی''.
پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا هەروەها بە پێویستی دەزانێت کە ھەرچی زووە رێکاری یاسایی لەدژی ئەنجامدەرانی پەلامارەکە بگیرێتە بەر، هەروەها ھاوخەمی خۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کردووە و ھیوای چاکبوونەوەی زووی بۆ بریندارەکان خواستووە.