Heman Hussein Yaseen
06 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر دەستگیرکردنی ژمارەیەک تاوانباری راگەیاند کە تیایدا بە تاوانی جۆراوجۆر تۆمەتباربوون.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاری هەولێر عەبدولخالق تەڵعەت رایگەیاند کە لەماوەی رابروودا ٢٣ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە و لەو ژمارەیەش چەند تۆمەتبارێک خۆیان رادەستکردووە.
لەمیانی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "لە ماوەی رابردوودا ٢٣ تاوانبار دەستگیرکراون لەو ژمارەیەش ٨ تاوانبار خۆیان رادەستکردووە کە یەکێکیان سزای لە سێدارەدانی هەبووە".
عەبدولخالق گوتیشی: "لەسەر ٦ حاڵەتی کوشتن تۆمەتباران دەستگیرکراون و رەوانەی دادگا کراون، لەسەر ٧ حاڵەتی دزی ١٢ تۆمەتبار دەستگیرکراون، دوو تۆمەتباریش تاوانبار بوون بە تەقەکردن و رێگری و چوونە سەرماڵی خەڵک دەستگیرکران و لەکاتی دەستگیرکردنیشدا ماددەی ھۆشبەریان پێبووە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان فەرمانی لەسێدارەدانی هەبووە و پێشتریش چووەتە دەرەوەی وڵات و خۆی حەشارداوە بەڵام لەم ماوەیەدا بۆخۆی خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.
عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: "دوو تۆمەتبار کە تاوانباربوون بە شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل بە تایبەت لە ناوبازار و نزیک بانکەکان دەستگیرکران، تۆمەتبارێکیش لە بازاڕی ئیسکان دەستگیرکراوە کە شەش داوای لەسەر تۆمار کراوە لە دزی و تەقەکردن و چوونە سەر ماڵی خەڵک، بنەماڵەکەی خۆی دوو سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە، ھەڕەشەی لە کەسێک کردبوو ئەگەر بڕی سی هەزار دۆلاری پێنەدات دەستدرێژی دەکاتە سەر کەس و کاری، کاتێک مەوعیدی لەگەڵ ئەو کەسە دانابوو کە ھەڕەشەی لێکردووە پۆلیس دەستگیری کرد و، لەو کاتەشدا تۆمەتبار تەقەی کرد و پۆلیسێک بەسووکی بریندار بوو، تۆمەتبارەکەش بە برینداری دەستگیرکرا".
ناوبراو گوتیشی کە یەکێکی دیکەش لە تۆمەتبارەکان بە تاوانی فێڵکردن لە خەڵک دەستگیرکراوە.