Heman Hussein Yaseen
22 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
بە بەشداری ٢٠٠ کۆمپانیا لە ١٢ وڵات، بۆ سێیەم ساڵ پێشانگای پێشەنگی خۆراکیی و کشتوکاڵیی لە ھەولێر کرایەوە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بە بەشداری وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم و پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو، هەروەها چەندین کۆنسولی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان لەنێویاندا، کۆنسولی گشتیی تورکیا، کۆنسولی گشتیی هۆڵەندا و کۆنسولی ئێران لە هەولێر پێشانگای خۆراکیی و کشتوکاڵیی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر کرایەوە.
وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لەم پێشانگایەدا، ٢٠٠ کۆمپانیا لە ١٢ وڵات بەشدارن، بێگومان کردنەوەی ھەر پێشانگایەک کارێکی گرنگە و پێویستیشە بۆ ئەوەی ئەو ھەموو کۆمپانیایە لە شوێنێکدا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ھەلێکی باش تا بەرھەمی کۆمپانیاکان ببینین و زۆرترین ھاووڵاتیی و کڕیار بیرۆکەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن".
لە پێشانگاکەدا، ٢٠٠ کۆمپانیا لە ١٢ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن کە بریتیین لە عێراق، تورکیا، ئێران، ھۆڵەندا، ناوچەی کارگێڕی تایبەتی ھۆنگ کۆنگ سەربە چین، ئوردن، ئیمارات، ئیتاڵیا، فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە کە تورکیا بە پلەی یەکەم دێت لە ریزبەندی بەشداریکردن و بە ٧٥ کۆمپانیا بەشدارە.
بازرگانانی تورکیا کە بەشداربووی پێشانگاکەن، ئاماژە بەوە دەکەن کە دەیانەوێت لە رێگای ئەم پێشانگایەوە پەیوەندی بازرگانیی دروست بکەن و بەرھەمەکانیان بناسێنن.
بەناوی کۆمپانیای ئاشک ماکارنا (Aşk Makarna)، ئورھان چەلیک کە یەکێکە کۆمپانیا بەشداربووەکان و بابەتی مەعکەڕۆنی و ئاردیان نمایش کردووە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی :"ئێمە لە شاری ماردین ھاتووین، یەکەمجارە بەشداری لەم پێشانگایەدا دەکەین، بابەتەکانمان بریتییە لە مەعکەرۆنی و ئارد، دەمانەوێت بازرگانان و خەڵکی ھەولێر سەردانمان بکەن، بابەتەکانمان زۆر باشن و خەڵک تامەزرۆی بابەتەکانمانن".
ئورھان چەلیک گوتیشی: "تا ئێستا چەند بازرگانێک سەردانیان کردووین، لێرە بیر و رامان گۆڕیووەتەوە و داوەتمان کردوون بۆ ئەوەی بازرگانان بێنە شاری ماردین و لەوێ لە نزیکەوە بابەتەکانمان ببینن".
یەکێکی دیکە لە کۆمپانیا تورکییە بەشداربووەکان کە لە شاری عەنتابەوە ھاتووە و تایبەتە بە دروستکردنی شیرینی، چەند شێوازێکی جیاوازی شیرینی نمایش کردووە.
بەناوی کۆمپانیای نیگدێلیۆگولاری مێژوویی (Tarihi Niğdelioğulları) بۆ دروستکردنی شیرینی، جەمیل ئەرکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکەم گەشتە بۆ عێراق ئەنجامی دەدەین بۆ بەشداریکردنمان لەو پێشانگایە، ئێمە دەمانەوێت لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا خەڵک و بازرگانان سەردانمان بکەن و بابەتەکانمان تام بکەن، وەک ھەموومان دەزانین کە عەنتاب بە شیرینی بەناوبانگە، بۆیە ئێمە بەشێک لەو شیرینییانەمان ھێناوە لێرە نمایشمان کردوون، بێگومان ئەوانەی ھاتوون زۆر خۆشحاڵ بوون و ھەست بە تامی جیاواز دەکەن لە بابەتەکانمان".
لە پێشانگایەکەدا، جگە لە خۆراک چەند ئامێرێکی کشتوکاڵی لە ناوەڕاستی ھۆڵەکەدا نمایشکراون و جووتیاران دەتوانن لە نزیکەوە ئامێرەکان ببینن و لە کاری کشتوکاڵییدا بەکاری بھێنن.