Abdulhameed Husseın Karam
16 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە ساڵڕۆژی کیمیا بارانکردنی ھەڵەبجەدا، پەیامێکی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە و تیایدا جەخت دەکاتەوە کە کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە برینێکی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی کوردستان و ھەرگیز لەبیر ناکرێت و دووپاتیشی دەکاتەوە کە مافی گەلی کوردستانە داوای قەرەبوو لە دەوڵەتی عێراق بکات. پێویستیشە چیتر حکوومەتی عێراق ئەمە پشتگوێ نەخات و قەرەبووی کیمیاباران و ئەنفال بکات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی:
کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە درێژەپێدەری ئەو زنجیرە تاوان و کارەساتانە بوو کە دوژمن بۆ تواندنەوە و سڕینەوە دەرھەق گەلی کوردستان ئەنجامی دا. بەھۆی قوربانیدان و مەزلوومیەتی ھەڵەبجەی شەھیدەوە جیھان زیاتر لە ئێش و ئازاری گەلی کوردستان تێگەییشت.
کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە برینێکی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی کوردستان و ھەرگیز لەبیر ناکرێت. مافی گەلی کوردستانە داوای قەرەبوو لە دەوڵەتی عێراق بکات. پێویستیشە چیتر حکوومەتی عێراق ئەمە پشتگوێ نەخات و قەرەبووی کیمیاباران و ئەنفال بکات.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە و ھەموو شەھیدانی رێگەی ئازادی.