Muhammed Karim Saedgul
04 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2022
هەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە ٢٠ کەسی مەدەنی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای بابل لە ناوەڕاستی وڵاتەکە کوژران، بەرپرسە باڵا ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایەی لە ئەرکەکانیان دوورخستەوە.
لە دەستپێکی ئەو بەیاننامەیەی کە لە ماڵپەڕی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە و چوار بڕیاری گرنگ لەژێر ناوی "فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق" لە خۆدەگرێت ھاتووە:
"کازمی، بە گرنگییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ وردەکاری کوشتارگە خوێناوییەکەی ناوچەی جبلە لە پارێزگای بابل دەکات و فەرمانی بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کردووە کە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە بکات".
لە بەیاننامەکەدا، ئاماژەی بەوە کراوە کە فەرماندەی گشتی رۆژی دووشەممە راپۆرتێکی لە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیەوە بەدەست گەیشتووە کە وردەکاری دۆخی ئەو رووداوە ناخھەژێنە لە خۆدەگرێت و تێیدا ھاتووە:
"راپۆرتەکە، کەمتەرخەمییەکی ئاشکرای لەلایەن سستەمی ئەمنییەوە لەخۆدەگرێت. بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری توانرا ١٤ کەسی بەشداربوو لە تاوانەکە کە زانیاری نادروستیان داوە و ئەوانەی لە جێبەجێکردنی تاوانەکەدا بەشداربوون، دەستگیر بکرێن".
بریاری یەکەمی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان کە لە بەیاننامەکەدا ھاتووە بریتیە لە پێکھێنانی تیمێکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەرکانی سوپا و ئەندامێتی بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس، بریکاری وەزارەتی داد و بریکاری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی.
لە بەیاننامەکەدا زیاتر ھاتووە:
"ئەم تیمە بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ئەو دۆخەی کە رێگای بۆ تاوانەکە خۆشکرد، فرەسەرچاوەیی زانیارییە ھەواڵگرییەکان، بەردەوامی لە وەرگرتنی ھەواڵی نادروست و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ھەواڵانە بەبێ وردبینیی بابەتییانە زۆنی لێکۆلینەوەکە فراوان دەکەن. دەبێت سەرجەم ئەو کەسانە کە کەمتەرخەمییان کردووە ببردرێنە بەردەم دادگا و لە ماوەی یەک ھەفتەدا راپۆرتێک پێشکەشی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان بکرێت".
بەپێی بەیاننامەکە، بڕیاری دووەمی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان دوورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی بابل، بەڕێوەبەری ھەواڵگری بابل و بەڕێوەبەری ھەواڵگریی جەبلەیە لە ئەرکەکانیان و دەستپێکردنی لێکۆلینەوەیە لەگەڵیان و راپێچکردنی ھەموو ئەو کەسانەی کە کەمتەرخەم بوون بۆ بەردەم دادگا.
لە بڕیاری سێیەمدا ھاتووە:
"لێکۆلینەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری بەلارێدابردن و نادروست لەگەڵ سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە وەزارەتی ناوخۆ و شانەی راگەیاندنی ئەمنی و زانیاری ئەمنییان گواستووەتەوە و بڵاویانکردووە."
لە کۆتا بڕگەی بەیاننامەکەدا، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی راسپێردراوە بە پێشکەشکردنی راپۆرتێکی کۆتایی بۆ فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان سەبارەت بە رێکخستنی کاری ئەمنی و ھەواڵگری لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکان و دۆزینەوەی ئەو کەلێنانەی کە رێگە بۆ تێکەڵبوونی کاری ئەمنی و ھەواڵگری خۆشدەکات بە شێوەیەک کە بە تەواوەتی رێگری لەو جۆرە تاوانە بگرێت لە ئایندەدا.