Hawkar Yaseen
03 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2022
هەولێر AA
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی هاوسەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە و بەشێک لەو ئەندام سەرکردایەتییانەی خەڵکی کەرکووک-ن لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک لە کۆبوونەوەدان.
کۆبوونەوەکەی یەکێتی یەکەمین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەیە لە ساڵی نوێدا و تیایدا دەنگ لەسەر پەسەندکردنی سێ لیژنە دەدرێت کە دوێنێ لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسییدا بڕیار لە دروستکردنی دراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسییدا بڕیاریداوە، سێ لیژنە پێکبهێنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروبارەکانی تایبەت بەدۆخی ناوخۆی حزبەکە و ناوچە دابڕاوەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
لیژنەی یەکەم تایبەت دەبێت بە دانوستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی دیکە، تایبەت بە پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و بەشداریکردنی کورد لەو پرۆسەیەدا.
لیژنەی دووەم تایبەت دەبێت بۆ کاروباری ناوخۆیی حزبیی و ئامادەکاری بۆ دیداریی یەکێتی کە بڕیاروایە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەبری کۆنگرە و پلنیۆم ببەسترێت و تیایدا بڕیار لە گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی حزبەکە بدرێت.
لیژنەی سێیەمیش تایبەت دەبێت بە پرسی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان بەتایبەت بۆ ئامادەکاری وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و دانوستان لەگەڵ پارتی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر پۆستەکە لە دەستی کورددا نەماوە، هەروەها ئەرکێکی دیکەی لیژنەکە تایبەت دەبێت بۆ کاروباری ناوچە دابڕاوەکان و ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان تێدایە لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق.