Sarmand Hameed
10 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا کە ئەمڕۆ بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی کەوتنی شارەکە لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامیدا، لەگەڵ نوێنەری هۆز و کەسایتییەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکەدا کازمی لە وتەیەکدا ئاماژەی بە مێژووی شارستانییەتی نەینەوا داوە و رایگەیاندووە کە ئەم شارە رووبەڕووی هێرشی چەتەکانی داعش بووەوە و دواتر بەخوێنی عێراقییەکان رزگارکرایەوە و بووە داستانێکی قارەمانانە کە هەموومان شانازیی پێوە دەکەین.
کازمی جەختی لە گرنگی پێکەوەژیان و فرەیی لە پارێزگای نەینەوا کردووەتەوە و ئەمەشی بە خەسڵەت و خاڵی بەهێزی شارەکە لە قەڵەم داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە نەینەوا بە پاڵپشتیی رۆڵەکانی لە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان ئاوەدانی و بەوەپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەو ئاڵنگارییانە کردووە کە لەم قۆناغەدا رووبەڕووی حکوومەتەکەی بووەتەوە و رایگەیاندووە، حکوومەت هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەژێر كاریگهریی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان.
مستەفا کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکوومەتەکەی بارگرانییەکی زۆر قورسی کەوتووەتە سەر بەهۆی خراپی پلان و پشتبەستی تەواو بە نەوت و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە هەلی سەرکەوتن لە بەردەمدایە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی هاووڵاتیی.
کازمی ئاماژە بە گفتوگۆی چاوەڕوانکراوی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە خاڵی لە پێشینەی ئەو گفتوگۆیە پاراستنی سەروەری و دەستەبەری بەرژەوەندییەکانی وڵاتە.
راشیگەیاندووە هاووڵاتیی دادوەری شەرعییە و پێویستە هاووڵاتییان لە داواکارییەکانیان نیگەران نەکرێن بەڵکو دەبێ کار بکرێت بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەڵێنی ئەوەیشی داوە کە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری مووسڵ ئەنجام بدرێت و تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی شارەکە و بڕیاری پیویست لەمبارەیەوە.