Heman Hussein Yaseen
29 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2019
هەولێر - AA
شاندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و وەزیری ناوخۆی عێراق، یاسین یاسری ئاماژەیان بە هۆکارەکانی سەردانەکە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک تەوەر خرانەبەرباس و گفتوگۆ وەک بابەتی رەگەزنامە، پاسپۆڕت و هاتوچۆی نێوان شارەکان.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "کۆبوونەوەیەکی باش و سەرکەوتوو بەرێوەچوو، دەتوانین بڵێن باشترین کۆبوونەوە بووە کە تا ئێستا لە لایەن ھەردوو وەزارەت ئەنجام درابێت، ھەموو ئەو بابەتانەش گفتوگۆی لەسەر کرا کە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە ھەبوو لەوانە دەرکردنی پاسپۆرت، رەگەزنامە، پێناسی باری شارستانی و چەند بابەتێکی دیکە".
رێبەر ئەحمەد گوتیشی: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتی تازەی ئەوەیە کە روو لە عێراق بکەین و لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێکبکەوین و پەیوەندیەکانمان باشتر بکەین لەسەر ئەو بنەمایەش گفتوگۆکانی ئەمرۆ بەرێوەچوو".
ھەروەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری ناوخۆی عێراق، یاسین یاسری گوتی: "سەردانەکەمان بۆ ھەرێمی کوردستان سەردانێکی گرنک بوو کە چەند بابەتێکی گرنگ گفتوگۆی لە بارەوە کرا کە پەیوەندیی بە ھەردوو وەزارەتەوە ھەبوو لەوانە مەسەلەی ئەمنی و دەستگیرتنی تۆمەتباران و ئاڵۆگۆڕی زانیارییەکان، لەسەر ھەموو ئەوانە بڕیاری گرنگ درا کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا قسە لەسەر وەرگرتنی ئەو ١٠ ھەزار دینارە کرا کە لە کاتی ھاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لێیان وەردەگیرێت و پێویستە ئەو بڕە پارەیە لابدرێت".
یاسین یاسری گوتیشی: "لە راستیدا گفتوگۆ لەسەر بابەتی گرنگ کرا لەوانە؛ کاری ھەردوو وەزارەت، بابەتی یەکەم پاسپۆرت، ڤیزا، رەگەزنامە و باری شارستانی، کردنەوەی ژمارەیەک فەرمانگەی کارتی نیشتمانی بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژە زیندوو و گرنگە لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا هەماهەنگیکردن لەبارەی مەشق و راھێنان و ھاوکاری ئەمنی ھاوبەش، لەبارەی دەستگیرکردن و رەوانەکردنەوەی داواکراوان لە لایەن دادگای عێراقی و لە پارێزگاکانی دیکەوە".