سلێمانی AA - ره‌وا حاجی - محه‌مه‌د عه‌لی
رژێمی به‌عس به‌مه‌به‌ستی بێده‌نگكردنی خوێندكارانی زانكۆ كه پرۆتستۆی جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتننامه‌ی ئۆتۆنۆمی ١١ی ئاداری ١٩٧٠یان ده‌كرد كه ماوه‌ی چوار ساڵ بوو واژووكرابوو، رۆژی ٢٤ نیسانی ١٩٧٤ به ناپاڵم قه‌ڵادزێی بۆردوومان كرد. ئه‌و رووداوه‌ی كه ژماره‌یه‌كی زۆر برینداری لێكهوتهوه و بە پێی ئامارە فەرمییەکان لەو کاتەدا ١٢٣ كه‌س تێیدا گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون، وه‌ك بۆردوومانی زانكۆی سلێمانی جێگای له یادگهكاندا كرده‌وه.
یه‌كێك له شایه‌تحاڵه‌كانی بۆردوومانه‌كه، كه ئه‌و سه‌رده‌مه خوێندكار بووه و ئێستا كاربه‌ده‌ستێكی باڵای زانكۆیه‌كی ئه‌هلییه له سلێمانی، دكتۆر کاوس عه‌زیز فەرەج-ه. له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو و باسی هۆكاری گواستنه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی بۆ قه‌ڵادزێ و رۆژی بۆردوومان كردنی زانكۆكه و شارۆچكه‌كه ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌و رۆژی بۆردوومانه‌كه به رۆژی حه‌شر ناوده‌بات و ئاماژه به‌وه‌ده‌كات لانیكه‌م ٢٠ له هاوڕێ خوێندكاره‌كانی له ئه‌نجامی هێرشی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی حكوومه‌تی به‌عس گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌گه‌رچی بكه‌رانی زانراون به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری قوربانییان و برینداران نه‌كرێته‌وه لێكۆڵینه‌وه له كۆمه‌ڵكوژییه‌كه ناكرێت، و له‌گه‌ڵ رووخانی رژێمی به‌عسدا كۆمه‌ڵكوژییه‌كه سپارده‌ی لاپه‌ڕه تاریكه‌كانی مێژوو كرا به‌ڵام له یادگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له كاره‌ساته‌كه‌دا ژیاون، سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی ئه‌و هه‌موو ساڵه، هێشتا نوێیه و تۆزی له‌سه‌ر نه‌نیشتووه.
- كاریگه‌ریی رێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئادار له‌سه‌ر زانكۆی سلێمانی
له سه‌ره‌تای گوته‌كانیدا، دكتۆر کاوس عزیز فەرەج وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه زانكۆی سلێمانی كه له ساڵی ١٩٦٨دا دامه‌زراوه له ئه‌نجامی رێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠، گه‌شه‌كردنێكی زۆر باشی به‌خۆوه بینیوه، له‌ڕووی زانستیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پێشكه‌وتووه، ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌ك بووه كه په‌یوه‌ندیی له‌نێوان قوتابیان له شاره‌كانی كوردستان وعێراق و ته‌نانه‌ت خێزانهكانیشیاندا درووستبووه، راشیگه‌یاند: "رێككه‌وتننامه‌كه كاریگه‌ریی زۆری هه‌بوو، ورده ورده زانكۆ هه‌نگاوی باشی هاویشت، ژماره‌یه‌ك مامۆستای زۆر، ئه‌وانه‌ی كه كورد بوون و ساڵانێكی زۆر بوو له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرایان هێنابوو، هه‌موو گه‌ڕانه‌وه بۆ زانكۆی سلێمانی. زانكۆ وه‌ك لانكه‌یه‌ك سه‌رجه‌م ئه‌و مامۆستایانه‌ی گرته‌خۆ. قوتابیانی كورد زۆربه‌ی له‌و زانكۆیه وه‌رگیران، ساڵ له دوای ساڵ زانكۆ زیاتر پێشده‌كه‌وت. ژینگه‌ی شاری سلێمانیش ژینگه‌ی رۆشنبیرییه و ژینگه‌یه‌كی كراوه‌یه، ئه‌مه‌ش زۆر زۆر هانده‌ر بوو بۆ پێشكه‌وتنی زانكۆكه. ژماره‌یه‌كی زۆریش له قوتابیان و خوێندكاران له شاره‌كانی خوارووی عێراق و كوردستانه‌وه روویان له زانكۆكه ده‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك له شاری سلێمانی و به تایبه‌ت له‌ناو زانكۆدا درووست ببوو، له‌نێوان قوتابیان و ته‌نانه‌ت له‌نێوان خێزانهكانیشیاندا كه سه‌ردانی سلێمانییان ده‌كرد".
دكتۆر كاوس په‌شیمان بوونه‌وه‌ی به‌عس له رێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئادار به هۆكاری گواستنه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی بۆ قه‌ڵادزێ داده‌نێت و له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند: "ساڵی ١٩٧٤ سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد به‌ره‌وڕووی كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌عس بوویه‌وه. حكوومه‌تی به‌عس جۆره په‌شیمان بوونه‌وه‌یه‌كی پێوه دیاربوو له رێككه‌وتننامه‌كه. له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووك رێنهدهكهوتن. و دانوستان ده‌ستیپێكرد و سه‌ری نه‌گرت. له مانگی شوبات و ئاداری هه‌مان ساڵدا ورده ورده ئه‌وه به‌ته‌واوه‌تی ده‌ركه‌وت كه رێككهوننامهكه یان به‌یاننامه‌ی ١١ی ئادار جێبه‌جێناكرێت. چه‌ند جارێك شاند چوون و هاتنه‌وه و دۆخه‌كه تێكچوو".
- زانكۆ له قه‌ڵادزێ ده‌كرێته‌وه و شۆڕش به‌رێوه‌یده‌بات
سه‌باره‌ت به گواستنه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی بۆ قه‌ڵادزێ، كه ناوچه‌یه‌ك بووه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشدا بووه، دكتۆر كاوس گوتی: "باس له‌وه‌كرا كه زانكۆی سلێمانی جارێكی دیكه له قه‌ڵادزێ ده‌كرێته‌وه و شۆڕش به‌ڕێوه‌یده‌بات، چونكه قه‌ڵادزێ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشی كورددا بوو. ئێمه‌ش ئه‌و كاته گه‌نج و لاو بووین و له یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستاندا كارمان ده‌كرد. ورده ورده تێبینی ئه‌وه‌مان كرد كه ره‌وشه‌كه به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات. ژینگه‌یه‌كی ئه‌وتۆ درووستبوو كه به‌ڕاستی زۆر ناخۆش بوو بۆ ئێمه، ته‌ماشامان كرد هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كمان نه‌ماوه. یان ده‌بێت بمێنینه‌وه له ناو شار یان بڕۆینه ده‌ره‌وه. زۆربه‌ی هاوڕێ و دۆست و براده‌ران بڕیارماندا بچینه ده‌ره‌وه، واته په‌یوه‌ندیی بكه‌ین به شۆڕشی كورده‌وه كه له ساڵی ١٩٦١ه‌وه هه‌ڵگیرسابوو".
ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به شۆڕشه‌وه ده‌كه‌ن، جێگایه‌كیان به‌مه‌به‌ستی خوێندن و وه‌ك زانكۆ پێده‌ده‌ن و گوتی: "شوێنێكیان بۆ دابین كردین بۆ زانكۆ، پێیان ده‌گوت بهنگهڵهكانی ئینحیسار، پێشتر شوێنی كۆگاكردنی تووتن بوو به‌ڵام تووتنهكهیان لابردبوو. ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه چووین له‌و شوێنه‌دا جێگیركراین. ده‌زگایه‌ك به ناوی كوردستانه‌وه درووستبوو كه تایبه‌ت بوو به خوێندنی باڵا. ئه‌و ده‌زگایه ئامانجی ئه‌وه بوو زانكۆی سلێمانی بكاته‌وه. ده‌زگاكه ده‌ستی به پرۆگرام دانان و هێنانی كتێب كرد".
دكتۆر كاوس باس له‌وه ده‌كات كه دڕنده‌یی و سته‌می به‌عس به‌شێوه‌یه‌ك بووه كه ده‌زگای خوێندنی باڵای شۆڕش پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه شارێك و زانكۆیه‌ك بۆردوومان بكات و رایگه‌یاند: "دووربین نه‌بوون یان بیریان چووه كه ئه‌وان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌حشی مامه‌ڵه ده‌كه‌ن كه ده‌ست له هیچ شتێك ناپارێزێت وهیچ ره‌وشتێكی نییه. هه‌ر ئه‌مه بووه هۆی هه‌ستانی جۆگه‌ی خوێن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه بیر له‌وه نه‌كرابوویه‌وه حكوومه‌تی به‌عس په‌نا به‌رێته به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌نج و لاوه بۆردوومان بكات و شارێك خاپوور بكات".
ئه‌و شایه‌تحاڵه‌ی بۆردوومانه‌كان باسی له ئێواره‌ی به‌ر له رۆژی بۆردوومانه خوێناوییه‌كه كرد و گوتی: "وه‌ك خوێندكار و قوتابییه‌كان به گشتی ئێواران دوای ئه‌وه‌ی نانمان ده‌خوارد، ده‌ستمان ده‌كرد به قسه‌كردن و گه‌ڕان پێكه‌وه. به‌ڵام ئێواره‌ی ٢٣ی نیسان، ته‌ماشامان كرد ژماره‌یه‌ك فڕۆكه ده‌ركه‌وتن، فڕۆكه‌كان هاتنه ئاسمانی قه‌ڵادزێ. چه‌ند جارێك هاتن و چوون. ترسێكی زۆریان له ناو خه‌ڵكدا بڵاوكرده‌وه. ئێمه وه‌ك توێژی رۆشنبیر، هه‌ستمان به‌وه‌كرد كه شتێك له ئارادایه، به‌ڵام نه‌مانده‌زانی چی بكه‌ین. ئه‌وه بوو ئه‌و شه‌وه چووینه ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵادزێ. به نیازی ئه‌وه‌ی به دووربین، له ئه‌گه‌ری حاڵه‌تێكی نه‌خوازراودا. چونكه وامانده‌زانی ئه‌و شه‌وه بۆردوومان ده‌كرێت یان شتێك ده‌بێت. ماوه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه ماینه‌وه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وا سارد بوو، هاتینه‌وه. به دڵه‌ڕاوكێوه نووستین، خه‌ومان لێنه‌ده‌كه‌وت، ترسمان لێ نیشتبوو. چونكه گه‌نج بووین و هیچ ئه‌زموونێكمان نه‌بوو".
دكتۆر كاوس یاده‌وه‌رییه تاڵ و ناخههژێنهكانی له رۆژی بۆردوومانه‌كه‌ی قه‌ڵادزێدا گێڕایه‌وه و گوتی: "بۆ سبه‌ینێ به‌یانییه‌كی زۆر زوو، كاتژمێر چوار یان پێنجی به‌یانی، كاتی مه‌لا بانگدان، له ده‌نگه ده‌نگێكی زۆردا خه‌به‌رمان بوویه‌وه، ترسی شه‌و كه زۆربه‌مان خه‌ومان لێنه‌كه‌وتبوو، هه‌ندێكیش گوێیان زرنگابوویهوه كه فڕۆكه هاتووه، پێشم وایه ئه‌و به‌یانییه فڕۆكه هاتبوو به‌ڵام من ئاگادار نه‌بووم. به‌هه‌رحاڵ جارێكی تر چووینه ده‌ره‌وه‌ی شار. چووینه نێو چاڵێك خۆمان حه‌شاردا به‌ڵام زۆر زۆرمان سه‌رما بوو، هه‌روه‌ها زۆریشمان برسی بوو، بۆیه گه‌ڕاینه‌وه ناو بهنگهڵهكه. هه‌ر به پێڵاو و جله‌كانمانه‌وه پاڵكهوتین و خه‌و بردینییه‌وه".
"من ئه‌وه‌ی كه ئێستا ئه‌توانم بیڵێم ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌نده ئاگام له خۆم بوو كه له چاڵێكدا خۆم دییه‌وه. ئه‌و چاڵه كاتی خۆی له ته‌نیشت خۆمانه‌وه هه‌ڵمان كهندبوو له شێوه‌ی پیتی ئێڵ-ی ئینگلیزی. وه‌ك شوێنێك بۆ خۆ حه‌شاردان ئه‌گه‌ر هات و فڕۆكه هاته سه‌رمان. ئێستاش بیرم نییه چۆن خه‌به‌رمان ببوویه‌وه و خۆمان فڕێدابوویه ناو ئه‌و چاڵه" دكتۆر كاوس سه‌باره‌ت به ساتی ده‌ستپێكی بۆردوومانه‌كان وای گوت.
ئه‌و به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ساته خوێناوییه‌كانی ناپاڵم و رۆكێتبارانكردنهكان و گوتی: "دواتر گرمه گرمێك ده‌ستیپێكرد، بۆردوومان به ناپاڵم بوو له ته‌نیشت ئێمه‌شه‌وه رۆكێتی لێده‌دا. به‌ڵام به‌هۆی ده‌نگی به‌رزه‌وه ئێمه گوێچكه‌مان كپ ببوو. چۆن ده‌مانزانی رۆكێته، به‌وه‌دا كه هه‌ر ئه‌و گڵه‌ی خۆمان هه‌ڵمان كهندبوو، به یه‌ك پارچه ده‌چووه ئاسمان و ده‌كه‌وته‌وه سه‌ر له‌شمان و ورده ورده ئێمه‌ی داده‌پۆشی".
دكتۆر كاوس ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه وایانزانیوه ئیتر له سه‌ره‌مه‌رگدان و رایگه‌یاند: "له‌و كاته‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان پێكرا، وه‌ك موسڵمانێك شایه‌تمانمان هێنا، من ئاوڕم دایه‌وه ته‌ماشا ده‌كه‌م، یه‌كێك له هاوڕێكانم، كه هاورێی ته‌مه‌نمه و ئێستا دكتۆره له ته‌نیشتمه‌وه‌یه، ئیتر دڵم به‌وه خۆش‌بوو كه كه‌سێكم له‌گه‌ڵدایه".
درێژه‌ی به گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه خوێناوییه‌كه دا و گوتی: "ئیتر ئه‌و دۆخه به‌رده‌وام بوو، هه‌ر تاو نا تاوێك گڤه‌ی فڕۆكه ده‌هات. ئێمه‌ش هیچمان نه‌دیوه و ئه‌زموونمان نییه، وه‌ك فیلمێك ئێستا بیرم ده‌كه‌وێته‌وه. گوێمان به ته‌واوه‌تی كپ بوو. به هیچ شێوه‌یه‌ك گوێمان له هیچ نه‌بوو. نه‌مانده‌وێرا ته‌نانه‌ت سه‌ر هه‌ڵببڕین. فڕۆكه‌كانیش به ئاره‌زووی خۆیان چی‌یان پێكرا له‌و ماوه‌یه‌دا، كردییان. دوای ماوه‌یه‌ك فڕۆكه‌كان رۆیشتن، دوای ئه‌وه‌ی دوو سێ جار هاتووچۆیان كرد".
دكتۆر كاوس شڵه‌ژاویی ئه‌و كات و ساته ده‌گێڕێته‌وه كه بۆردوومانه‌كان كۆتاییان هاتووه و ویستوویانه هه‌ستن و ده‌ڵێت: " ئێمه ورده ورده له‌و چاڵه‌دا گڵمان له‌سه‌ر ده‌موچاومان لابرد و هه‌ستاین. به‌ڵام به‌ڕاستی نه‌مانده‌زانی چی بكه‌ین. سه‌رمان لێ شێوابوو".
له‌باره‌ی ئه‌و دۆخه‌شی كه تێیدا بوون، گوتی: "گوێمان له هیچ نه‌بوو، چاومان ده‌یبینی به‌ڵام ته‌نها دووكه‌ڵی ره‌ش له‌به‌رچاوماندا بوو. هاوار و قیژه‌ی خه‌ڵك هه‌ریه‌كه و له شوێنێكه‌وه، كپی گوێچكهمانی ده‌سمی".
ئه‌و به‌رده‌وامه له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه تراژیدییهكه و ده‌ڵێت: "ئیتر من و براده‌ره‌كه‌م هاتینه ده‌ره‌وه، ورده ورده خه‌ڵكیتریش به‌دواماندا هات، چه‌ند كه‌سێك بووین. رۆیشتن به‌ڵام نه‌مانده‌زانی بۆ كوێ ده‌ڕۆین. له‌ولاوه، خه‌ڵكت ده‌بینی كه‌وتووه، شتێك قه‌وماوه كه ته‌نها له فیلمه جهنگییهكاندا ده‌یبینیت. وه‌حشییه‌تی به‌عس به شێوه‌یه‌ك بوو كه هه‌رگیز پێشبینی نه‌ده‌كرا مرۆڤ كاری له‌و جۆره‌ی له‌ده‌ست بێت. ژماره‌یه‌ك براده‌ری زۆرمان تیاچوون. چایخانه‌یه‌ك هه‌بوو پێیان ده‌گوت چایخانه‌ی كرێكاران، خوێندكاره‌كان زۆربه‌ی به‌یانیان له‌وێ نانیان ده‌خوارد. ژماره‌یه‌ك له‌وێ به‌ركه‌وتبوون. هه‌ندێك له‌سه‌ر شه‌قام به‌ر هێرشه‌كان كه‌وتبوون و سه‌ریان په‌ڕیبوو. شه‌هیدی زۆرمان دا. له‌نێو قوتابیان لانیكه‌م ٢٠ شه‌هیدمان هه‌بوو. ئه‌وانه‌ی تریش برینداربوون، هه‌بوو قاچی په‌ڕیبوو، هه‌بوو به‌شێوه‌ی دیكه بریندارببوو".
دیسان هه‌مان دۆخی سه‌رلێشێواویی و نادیاریی چاره‌نووس ده‌گێڕێته‌وه، دكتۆر كاوس ده‌ڵێ: "ئیتر ئێمه ورده ورده به‌ڕێكه‌وتین، خه‌ڵك كۆببوونه‌وه لێمان و به سه‌رلێشێواوی ده‌ڕۆیشتین به‌ره‌و سنوور. ئێمه نه‌مانده‌زانی سنوور كوێیه. ئه‌یانوت ئه‌چین بۆ ئێران. زۆرینه‌ی برینداره‌كان بۆ ئێران گوازرانه‌وه".
"دوای چهرمهسهرییهكهی زۆر گه‌یشتینه گوندێك به‌ناوی كونه‌مشك، له‌وێ ده‌بووایه خۆت راده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران بكه‌یت، ئێمه كه گه‌یشتینه ئه‌وێ، كاره‌ساتمان بینی. خه‌ڵكمان ده‌دی له برینداره‌كان به سواری وڵاخه‌وه، خه‌ڵكمان ده‌دی ده‌ست و قاچی به‌سترابوو، هه‌ریه‌كه و به‌شێوه‌یه‌ك. كتومت وه‌ك ئه‌وه وابوو كه لای خۆمان پێی ده‌ڵێن رۆژی حەشر وابوو، قافڵه به قافڵه. زۆربه‌ی برینداره‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌وره له سه‌رده‌شت گوازرانه‌وه. ژماره‌یه‌ك له قوتابیان و مامۆستایانی خۆمان له‌و نه‌خۆشخانه‌یه چاره‌سه‌ركران" سه‌باره‌ت به رزگاربوونیان له بۆردوومانه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كان دكتۆر كاوس وای گوت.
news_share_descriptionsubscription_contact

