Ozhin Ramadhan Salih
17 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2021
کەرکووک – AA
ژمارەیەکی زۆر لە یاساناسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەکەرکووک داوای به ئەندامبوونی عێراق لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەیش شەش هەزار و ٥٠٠ واژوو کۆکراوەتەوە.
"ھاوپەیمانیی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی" پانێڵێکیان لە ژێر ناونیشانی "کورد و دادگای تاوانی نێودەڵەتی" لە شاری کەرکووک بەڕێوە برد.
لە پانێڵەکەدا ھەریەک لە محەمەد هاودیانی ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسا و پارێزەری کەیسەکانی ئەنفال و جینۆساید ئەیاد کاکەیی و ماستەر لە یاسا بۆکان عەبدوڵڵا بەشدار بوون و لەسەر رەهەندە جیاجیاکانی گرنگی ئەندامبوونی عێراق لە دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی گوتاریان پێشکەش کرد.
ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠١٣وە دامەزراوە و لە ٣٢٤ رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی پێکھاتووە و ئامانجی لە پێکھێنانی ھاوپەیمانییهتییهكه بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتی عێراقە بۆ واژووکردن و پابەندبوونی عێراق پەیماننامەکەی رۆما و بۆ ئەوەی عێراق ببێت بە ئەندام لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
پانێڵەکەیش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ ١٧ی تەمووز، ٢٣ ساڵ بەسەر پەسەندکردنی پەیماننامەی رۆمادا تێدەپەڕێت کە لە١٧ی تهمووزی ١٩٩٨ کە بناغەی دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی و دوای چوارساڵ و لەساڵی ٢٠٠٢ دادگاگە بەفەرمی دامەزرا و لەماوەی ٢٣ ساڵی دامەزرانییدا، ١٣٩ وڵات پەیماننامەکەی رۆمایان، واژوو کردووە.
حکوومەتی عێراق لە رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠٠٤دا، پابەندبوونی خۆی بە پەیماننامەی رۆما راگەیاند و بەڵام دوای دوو ھەفتە بەبێ ھیچ روونکردنەوەیەک پاشەکشەی کرد.
رێکخەرانی پانێڵەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئامانجیان ھۆشیاری یاساییه بۆ ئەوەی ھەمووان لەگرنگی به ئەندامبوونی عێراق لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتیی روون بکەنەوە ئاشنابن و زانیاری یاساییان لەبوارەکەدا ھەبێت .
لەمبارەیەوە رێکخەری پانێڵەکە، ھێمن حەسیب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەکو ھاوپەیمانیی رێکخراوە كوردستانییهكان لەشارەکانی کەرکووک و سلێمانی و ھەڵەبجە پانێڵی تایبەت و چالاکی و گردبوونەوە و خۆپشاندان ئەنجام دەدەین ئامانجی ئێمە فشارخستنە سەر حکوومەت بۆ به ئەندامبوونی عێراق لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی و گرەنتی بدرێت بە پێکھاتەکان بۆ ئەوەی جارێکیتر جینۆساید ئەنجام نەدرێت وەک ئەوەی لە شنگال، خورماتوو و بنکەی سپایکەر لە پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامدرا".
ھێمن حەسیب گوتیشی: "سێ داواکاری سەرەکیمان ھەیە، یەکەمیان ئەندامبوونی عێراقە لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، دووەمیان ئەوەیە كه حکوومەتی ھەرێم لە دانوستانەکانیان لەگەڵ بەغدا ئەم داواکارییە بکات بە مەرج بۆ رێکكەوتنەکانیان و سێیهمیشیان دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان ناسنامەی دیلەکانی داعش کە ناسنامەی ئەندامانی دادگایان ھەیە ئەو زانیاریانە بدەن بەدادگاکان".
سەبارەت بە ئەندامنەبوونی عێراق لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، یاساناس پەیڕەو یاسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "واژوونەکردنی پەیماننامەکەی رۆما لەساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، ھۆکاری زۆرە بەڵام لەکاتی دەسەڵاتی ئەیاد عەللاوی پاش دوو ھەفتە ئەندامێتی خۆی کشاندەوە و ئەویش بەھۆی ئەوەوەبووە کە زیانی بەدەوڵەتانی داگیرکاریی عێراق دەگەیاند و ئەوکات دەوڵەتی عێراق دەیتوانی سکاڵا لەسەر ئەو وڵاتە تۆماربكات کە وڵاتەکەیانی داگیرکردووە و لەسەر فشاری ئەو دەوڵەتانە عێراق لە واژووکردنی پەیاننامەکە، پاشەکشەی کرد و لە پەیماننامهکە کشایەوە".