Rewa Mahmood Hasan
26 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2022
سلێمانی-AA رەوا مەحمود حەسەن
ئەسپسواری یەکێکە لە وەرزشە سەرنجڕاکێشەکان کە ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان رەواجی پەیدا کردووە و هاووڵاتییان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و وەک خولیاێکیش سەریان تێ کردووە.
لەگەڵ برەودان بە وەرزشی ئەسپسواری و زیادبوونی بەخێوکردنی ئەسپ وەک خولیا، ماوەی چەند ساڵێکە فێرگەیەکی وەرزشی ئەسپسواری لە شاری سلێمانی کراوەتەوە و بۆتە جێی سەرنجڕاکێشانی خەڵک.
لە فێرگەکەدا، جگە لەوەی کە هاووڵاتییان دەتوانن بۆ فێربوونی وەرزشی ئەسپسواری سەردانی بکەن، هاوکات چەندین هاووڵاتی، ئەسپی تایبەتی خۆیان دەخەنە ئەو فێرگەیە بۆ ئەوەی بۆیان بەخێو بکەن.
یەکێک لە سەرپەرشتیارانی یانەی ئەسپسواریی گاردینیا، رۆژە محەمەد ساڵح باس لەوە دەکات کە پرۆژەکەیان لە ٢٠١٩ەوە دەستی پێ کردووە و چەندین فێرخوازیان هەیە کە زۆرێکیان تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوەن و ئارەزووی زۆر بە ئەسپسواری دەکەن.
رۆژە محەمەد ساڵح بەم شێوەیە باس لە فێرگەکە دەکات و دەڵێت ''ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە دەستی پێ کردووە، پڕۆژەیەکی زۆر سەرکەوتووە لەبەر ئەوەی راهێنەری بەتوانای لێیە. ئەوانەی لێرە کار دەکەن هەموویان ئەزموونیان هەیە. زیاد لە ٢٠٠ فێرخواز لێرە بەباشی راهێنانیان پێ کراوە و دەتوانین بڵێن ئەسپسواری باشیان لێ دەرچووە، ئەوەش لەژێر چاودێریی راهێنەرەکان کە بەردەوام هاوکارییان کردوون".
خاوەنی پڕۆژەکە چەندین ئەسپی جۆراوجۆری لە دەرەوەی وڵاتەوە هێناوە، تێچووی زۆرێک لە ئەسپەکان یەکجار زۆربوون تاکو بتوانن پرۆژەکە فراوانتر بکەن و بەردەوامی پێ بدەن و لەوبارەیەوە سەرپەرشتیاری یانەی ئەسپسواریی گاردینیا، رۆژە محەمەد ساڵح گوتی: ''ئەسپی عەرەبی، ئینگلیزی، کوردی و تورکی لە یانەکەماندا هەن. خانی تایبەتی ئەسپیشمان هەیە تایبەت بەوانەی دەیانەوێت ئەسپیان هەبێت و شوێنێکیان نییە بەخێوی بکەن، ئێمە لێرە ئاسانکاریمان بۆ کردوون و لەژێر چاودێریی پزیشکی ڤێتەرنەریدا بەباشترین جۆری خواردن (ئالیک) بۆیان بەخێو دەکەین کە زۆربەی پڕۆتینەکانیان لە ئەورووپاوە بۆیان دەهێنین.
میوانی جۆراوجۆر لە ناوەوە و دەرەوەی شارەوە روومان تێ دەکەن بە مەبەستی وێنەگرتن و بینینی ئەسپەکانمان. شوێنێکیشمان هەیە تایبەتە بە یانەی ئەسپسواریی گاردینیا کە وەک شوێنێکی جوانی گەشتیاریی لێ هاتووە".
رۆژە محەمەد ساڵح کە کچەکەی یەکێکە لە فێرخوازەکانی ئەسپسواری و ناوبەناو لەگەڵ خۆیدا دەیهێنتە فێرگەکە بۆ ئەوەی بە باشی فێری ئەو وەرزشە بێت گوتی: ''زینەی کچم ماوەی دوو ساڵە لێرە راهێنانی ئەسپسواری دەکات، خۆیشم زۆر پەرەم بەو تواناکانی داوە و حەزم کردووە ئەو ئارەزووەی هەیەتی بێتە دی. لاسی کوڕیشم ماوەی سێ ساڵە لێرەدا راهێنان دەکات، ئێستا بووە بە کارمەندی شوێنەکە و یەکێکە لە باشترین ئەسپسوارەکان. دەمانەوێت هەردووکیان پەرە پێ بدەین و ببن بەو کەسەی خۆیان حەزیان لێیەتی".
سەرپەرشتیارانی یانەی ئەسپسواریی گاردینیا، رۆژە محەمەد ساڵح ئاماژە بەوە دەکات زینەی کچی تەمەنی شەش ساڵە و لە چوارساڵییەوە راهێنان دەکات و بچووکترین ئەسپسواری یانەکەیە. رۆژانە لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ فێرگە، ئەگەرچی قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتاییە. رۆژانە هەم لە خوێندندا کۆشش دەکات و هەمیش لە ئەسپسواریدا.
یەکێک لە مامۆستایانی پەیمانگاکە کە پێشتر فێرخواز بووە و ئێستا وەک مامۆستا و راهێنەری ئەسپسواری کار دەکات بەناوی رێبین عومەر بەوشێوەیە باس لە چیرۆکی دەستپێکی کارەکەی دەکات ''من وەک فێرخوازێک لەم یانەیەدا دەستم بە مەشق و راهێنانی ئەسپسواری کرد و ئێستا بووە بە خولیایەک بۆم. لە چاو سەرەتادا بەرەوپێشچوونی زۆرم لە خۆمدا بەدی کردووە. کۆرسی فێربوونی ئەسپسواریمان هەیە و خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن. لە یانەکەماندا گەشتی دەرەوەیشمان هەیە و خەڵکێکی زۆر لە گەشتەکانی دەرەوەدا بەشداریمان لەگەڵ دەکەن و حەزیان لێیەتی. ئەسپسواری وەک ساڵانی زوو نەماوە و ئێستا بووە بە خولیا و وەرزش و ئێمەیش فێرکاری سەرەتاییان پێ دەڵێین و لەگەڵیاندا دەبین".
26.10.2022 ئارەزوو لەسەر ئەسپسواری زیاد دەکات
ئەسپسواری یەکێکە لە وەرزشە سەرنجڕاکێشەکان کە ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان رەواجی پەیدا کردووە و هاووڵاتییان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و وەک خولیاێکیش سەریان تێ کردووە.