Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی ـ AA
ئێوارەی ئەمڕۆ لەھۆڵی تەلاری ھونەر لە شاری سلێمانی، چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیی بە دروشمی "شێرپەنجەی زەوی" دەستیپێکرد، فێستیڤاڵەکە ماوەی حەوت رۆژ دەخایەنێت و تێیدا جگە لە نمایشکردنی چەندین فیلمی سینەمایی، ژمارهیهك چالاکیی تایبەتیش لەسەر پاراستنی ژینگە پێشکەشدەکرێن.
سەرەتا بە پێشوازیی و رۆیشتنی میوانانی فێستیڤاڵ بەسەر فەرشی سووردا، دواتریش بە پێشکەشکردنی چەند گوتارێک لەسەر فێستیڤاڵەکە کارەکانی فێستیڤاڵ دەستیانپێکرد، پاشان یەکەم فیلمی بەشداربوو نماییشکرا.
چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودهوڵهتیی فیلمی "سلێمانی لەلایەن کۆمپانیای سینەمایی مەستی فیلم" و بە ھاوکاریی ژمارەیەک کەسایەتی و سەرمایەداری شارەکە بەڕێوە دەچێت، بە نماییشکردنی فیلمەکانی دەرھێنەرەکانی ٥٠ وڵاتی جیھان، پێکھاتوو لە بەرھەمەکانی ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ لە دوو بەشی رکابەریی سەرەکیی "سینەمای جیھان" کە بریتییە لە بەرھەمە درێژه سینەماییهكان، کورتە فیلم، بەڵگەفیلم ، ئەنیمەیشن و ئەزموونی و بەشی رکابەریی، ھەروەھا "سینەمای کوردی" کە بریتییە لە بەرھەمە درێژه سینەماییهكان و کورتە فیلم، بەڵگەفیلم، ئەنیمەیشن و ئەزموونی ، ھەروەھا سازدانی ۆرکشۆپی پسپۆڕانەی سینەمایی و کۆڕ و کۆبوونەوەی بەرھەمھێنانی ھاوبەش.
فیلمەکانی فێستیڤاڵەکە لە ماوەی حەوت رۆژدا لە ھۆڵەکانی سیتی سینەما، سینەما سالم، ھۆڵی ئەمنە سوورەکە ، تەلاری ھونەر نماییشدەکرێن.
بەڕێوەبەری بەرنامە داڕشتنی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانیی ، لینا رەزا پێشتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەی فێستیڤاڵەکەوە رایگهیاندبوو: "ئەم خولەی فیستیڤاڵ، جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو بەڕێوەدەچێت و گۆڕانکارییمان لە بەرنامەی فیستیڤاڵدا كردووه، ئەمساڵ لەسەر ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی بڵاوکەرەوەی فیلم کە بەرھەمە دیار و تایبەتەکانی سینەما لە دونیادا پەخش و بڵاو دەکەنەوە، وردبوونەوەیەکی زۆرمان کردووە. بە نموونە ئەو فیلمانەی کە لە فیستیڤاڵەکانی دیاری جیھانی لەوانە کان، بەرڵینالە، ڤێنیز . هتد، خەڵاتە پڕبایەخەکانیان بەدەستھێناوە، لەم رێگایەوە بۆ فیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بانگھێشتمان کردوون کە ئەم بەرھەمانە، بە ئامادەبوونی نوێنەرەکانیان لە فیستیڤاڵدا نماییشدەکرێن".
گوتیشی: "لە دوای راگەیاندنی بانگەوازی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، نزیکەی پێنج ھەزار فیلم لە رێگای ماڵپەڕی فیستیڤاڵ نێردرا کە لە دوای دووبارە بینینەوەی سەرەتایی لە لایەن مامۆستایانی بەئەزموون و پسپۆڕ، ١٥٠ فیلم لە چوارچێوەی فیلمەکانی درێژی سینەمایی، کورتە فیلمەکان، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن لە ٥٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان بۆ نمایش کردن و کێبڕکێ ھەڵبژێردراون".
لە کۆتایی فێستیڤاڵدا فیلمە سەرکەوتووەکان خەڵات دەکرێن، بۆ فیلمی درێژ خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵەکە کە خەڵاتی سنەوبەری ئاڵتونییە دەدرێتە براوەی یەکەم و شەش خەڵاتی سنەوبەری زێڕینیش دەدرێتە شەش فیلمی دواتر.
ھەروەھا خەڵاتی سنەوبەری زیوین دەدرێتە باشترین فیلمی دۆکیومێنتاری، خەڵاتی سنەوبەری زێڕینيش بۆ باشترین فیلمی دۆکیومێنتاریی نێوخۆیی و خەڵاتی لێژنەی دادوەری فێستیڤاڵ پێشکەش دەکرێت.
خەڵاتی سنەوبەری زیوین بۆ باشترین کورتە فیلمی نێودەڵەتی، لەگەڵ خەڵاتی سنەوبەری زێڕین بۆ باشترین کورتەفیلمە نێوخۆیی و خەڵاتی لیژنەی دادوەر.
لە فیلمە ئەنیمەیشنەکانیش خەڵاتی سنەوبەری زیوین بە باشترین فیلم دەبەخشرێت.