ھەولێر - AA
ژنانی خاوەنکاری قەتەر پێشنیاری بەستنی ئەو کۆنفرانسەیان کردووە بۆ کۆمەڵەی خانمانی کارسازی کوردستان.
بەرپرسی کۆمەڵەی خانمانی کارسازی کوردستان فەردا جەمیل پاشا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وا بڕیارە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٥ لە ھەولێر کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی بەناوی ژن و ئابووریی بە بەشداریی ئافرەتانی چەندین وڵاتی جیھان بەڕێوەبچێ."
فەردا باسی لەوەکرد چەند رۆژێکی دیکە داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ بەستنی ئەو کۆنفرانسە تا رەزامەندی دەربڕن و دەست بە ئامادەکاریی بکەن.
لەبارەی تەوەرەکانی کۆنفڕانس فەردا روونیکردەوە چەندین بابەت لەسەر ئابووریی و ژنان لەلایەن ژنانی ھەرێمی کوردستان تایبەت دەکرێ بۆ ناساندنی ھەرێم و وەبەرھێنان تێیدا تا ژنانی وڵاتانی دیکە بێن و سەرمایەگوزاریی لەھەرێم بکەن.
کۆمەڵەی خانمانی کارسازی کوردستان، ساڵی ٢٠١١ بە بیرۆکەی فەردا و بەشداریی چەند ژنە خاوەنکارێکی کوردستان لە شاری ھەولێر دامەزراوە و ئێستا خاوەنی ٥١ ئەندامە.
کۆمەڵەکە رۆژی سێشەممە ١٠ی کانوونی یەکەم، باڵەخانەی خۆی لەسەر شەقامی سەد مەتری لە شاری ھەولێر دەکاتەوە.
فەردا جەمیل پاشا لەبارەی دامەزراندنی سەنتەرێک لە کۆمەڵەکەیاندا کە تایبەتە بە پێدانی رێنمایی و زانیارییر بە ئافرەتان بەبێ بەرامبەر گوتی: "ئێمە سەنتەرێکمان دامەزراندووە بۆ ئەوەی رێنوێنی ئەو ئافرەتانە بکەین کە لەبواری کاردا پێویستیان بە راوێژکردن ھەیە، ئێمە بێ بەرامبەر زانیاریی و راوێژیان پێدەدەین بۆ ئەوەی لەکارەکانیاندا سەرکەوتووبن."
سیستمی ئەندامێتی لەنێو کۆمەڵەی خانمانی کارسازی کوردستان ئاسان نییە، دەبێ ئەو کەسەی دەبێتە ئەندام خاوەنی کۆمپانیا یان کارگەیەک بێ، دەبێ بەکردەیی ئەو کۆمپانیا یان کارگەیە لەکارکردا بێ، چەند کەسێک لەلای ئەو کاربکەن و ستافی ھەبێ.
بەڵام پێدەچی بەھۆی کەمی ئەندامانییەوە ئەو کۆمەڵەیە ئێستا ئەو مەرجانەی سووک کردبێ بۆ ئەوەی چەند ئافرەتێکی شارەزا وەکو راوێژکار و چەند ئەندامێکی فەخری لەخۆ بگرێ.
لەبارەی ئەندامانیشەوە فەردا گوتی: "ئەندامەکانمان کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووریشیان تێدایە لەگەڵ کلدانی و ئەرمەنی، ھەروەھا ئەو ژنانەشی لە تورکیا کۆمپانیایان ھەبێ و لێرە لقیان کردبێتەوە دەتوانن ببنە ئەندام لای ئێمە."
فەردا لەبارەی ئامانج لەدامەزرندانی کۆمەڵەی خانمانی کارسازە دەڵێ چەند ئامانجێکی ھەیە لەوانە ژنانی خاوەنکار تۆڕێکییان ھەبێ بۆ پەیوەندی، ھەروەھا لە شوێنێکەوە پاڵپشتی بکرێن بۆ ئەوەی لۆبییەک دروست بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵەکە بۆ ئەوەیە بۆ نوێنەرایەتی ژنانی سەرمایەدار فکا لە ھەموو دنیا.
فەردا هەروەها گوتی لەرێی کۆمەڵەکەیانەوە توانیویانە پەیوەندیی ژنانی خاوەنکاری کوردستان لەگەڵ ژنانی چەندین وڵاتی وەکو تورکیا، لوبنان، قەتەر، عێراق، ئەرمەنستان دروست بکەن.