Hamit Hüseyin
28 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2019
ھەولێر - AA
لە رێوەرسمێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر، فرسەت سۆفی، ئاڤا زۆن دەستی بە کارەکانی لە ھەرێمی کوردستان كرد.
ئاڤا زۆن كۆمهڵه پڕۆژەیەکی گەورەیە کە پێکدێت له کەناڵ، رادیۆ، دەزگای میدیایی، رێستورانت و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و چهندین پرۆژهی دیكه كه له داهاتوودا درووستدهكرێن.
لەو رێورەسمی كردنهوهی كۆمهڵه پرۆژهكهدا، پارێزگاری ھەولێر، فرسەت سۆفی، گوتارێكی پێشكهشكرد و لەبارەی پرۆژەكه رایگهیاند: "ھیواخوازم ئهم پرۆژە ھەمەرەنگە وەک سەرەتایەکی باش بەردەوام بێت و رادیۆ، تەلەڤزیۆنی منداڵان، پرۆژەی گەشتیاریی، سینهما، دراما و شوێنە ئهکادیمییەکان بەرھەمی باش پێشكهش بە کوردستان بکەن".
گوتیشی: "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێویستیمان بە گرنگییدان بە لایەنی کولتووری ھەیە و ھیواخوازم ئاڤا زۆن بکەوێتە خزمەتی فەرھەنگی میللەتەکەمان و گەنجانی ئێمە بتوانن تواناکانیان لەو رێگەیهوە پێشبخەن".
لای خۆیهوه بەرێوەبەر و خاوەنی پرۆژەکە، مستەفا بایرام بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ رایگهیاند: "ئامانجی ئاڤا زۆن گرنگیدانه بە کولتوور و ھەمەرەنگیی لە ھەرێمی کوردستان، و خزمەتکردنی جیاواز و ئهکادیمییانە و ھونەرییه بە رەنگە جیاوازەکانی وڵات".
مستەفا بایرام لە بارەی ئاڤا تیڤی کە بەشێکە لە پرۆژەی ئاڤا زۆن گوتی: "کاری سەرەکی ئاڤا تیڤی سوود گەیاندنە به بەرھەمھێنانی زنجیرە فیلمی کوردیی، پێشکەشکردنی بەرنامەی ھونەریی، کۆمێدیی، سوودبەخش و گرنگییدان بە میوزیک و پەروەردەی منداڵان".
لە بارەی پرۆژەی رادیۆی ئاڤا-ش رایگەیاند: "ئاڤا رادیۆشی ھەیە و ئەویش بە زوویی بە ئامادەکردنی چەندین بەرنامەی راستەوخۆ بهمهبهستی بەخشینی زانیاریی بە بیسەران، دەستپێدەکات. رادیۆكه بە نیازە لهرێگهی بەرنامە ھەمەرەنگهكانییهوه کاتێکی خۆش بۆ بیسەران دەستەبەربکات".