Yunus Kaymaz
01 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2021
ئیستانبوڵ - AA
ئەستێرەی تۆپی باسکە و یاریزانی یانەی لۆس ئهنجلس لەیکەرز، لێبرۆن جەیمس تووشی کۆرۆنا بووە.
شەوی رابردوو بەرلە رووبەڕووبوونەوەی یانەی لۆس ئهنجلس لەیکەرز لەگەڵ یانەی ساکرامێنتۆ کینگز و لە کاتی پشکنینی رۆتینی یاریزانەکاندا، دەرکەوت لێبرۆن جەیمس تووشی کۆرۆنا بووە، بەوهۆیەشەوە رێگەی پێنەدرا بەشداریی یارییەکە بکات.
بەهۆی ئەوەی پشکنینەکەشی پۆزەتیڤ بووە، ئەو ئەستێرە ئەمریکییە لانیکەم بۆ ماوەی ١٠ رۆژ کەرەنتین دەکرێت.
یاریزانی یانەی لۆس ئهنجلس لەیکەرز، ئەنتۆنی داڤیس لە بارەی رەوشی تەندروستیی لێبرۆن جەیمس لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و ئەوەی خستەڕوو کە لەئێستادا، رەوشی تەندروستی ناوبراو باشە و نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەی تیادا دەرنەکەوتووە.