Recep Şakar
15 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2022
مێلبۆرن - AA
دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم لەلایەن حکوومەتی ئوستورالیاوە ڤیزەکەی هەڵوەشێندرایەوە، پاڵەوانی جیهانی تێنس، نۆڤاک جۆکۆڤیچ بۆ داوا کردنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی حکومەت داوایەکی پێشکەشی دادگا کرد و بڕیارە لە دانیشتنی سبەیدا چارەنووسی ئەو یاریزانە لە ئوستورالیا، یەکلایی ببێتەوە.
نۆڤاک جۆکۆڤیچ، داوایەکی پێشکەشی دادگای ئوستورالیا کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی وەزیری کۆچی ئەو وڵاتە، ئالێکس هاوکی کرد کە بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ جاری دووەم ڤیزەی جۆکۆڤیچی هەڵوەشاندەوە.
بڕیاریشە سبەی کاتژمێر ٠٩:٣٠ی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ئوستورالیا، دادگای ئەو وڵاتە دەربارەی مانەوەی ئەو یاریزانە لە ئوستورالیا، بڕیار بدات.
بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتە ئەگەر سێ دادوەر سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دادگا بکەن ئەوا ناتواندرێت بڕیارەکە تەمیز بکرێتەوە.
- چی روویدا؟
نۆڤاک جۆکۆڤیچ، بە مەبەستی بەشداریکردن لە یارییەکانی "Grand Slam" کە لە ١٧-٣٠ی کانوونی دووەم سازدەکرێت، چووبووە ئوستورالیا، بەر لە گەشتەکەشی ئەوەی ئاشکرا نەکردبوو کە ئایا ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتووە یان نا، تەنها ئەوەی خستبووەڕوو کە بە بڕیاری لێبووردنی پزیشکی دەتوانێت بەشداری یارییەکان بکات.
بەڵام لە فڕۆکەخانەی شاری مێلبۆرن ئەم بڕیارە رەتکرایەوە و ڤیزەکەی جۆکۆڤیچ هەڵوەشێندرایەوە، دواتر لە هۆتێلێكی ئەو شارەدا جێگیر كرا كه پهنابهران و ئهوانهی ڤیزەی هاتنیان بۆ ئوسترالیا ههڵوهشێندراوهتهوه لهوێدا دههێڵدرێنهوه.
پاشان ئەو یاریزانە سڕبییە تانەی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەکەی دا و دواتر دادگای خێزان و خولی فیدڕالی ئوستورالیا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەکەی جۆکۆڤیچی هەڵپەسارد.
بەڵام ئێوارەی دوێنێ وەزیری کۆچی ئوستورالیا، ئالێکس هاوک، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی جارێکی دیکە ڤیزەی یاریزانی سڕبی نۆڤاک جۆکۆڤیچی هەڵوەشاندوەتەوە.