Muhammet Ali Kemal
05 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2017
پاریس - AA
فرۆشی درێسی نوێی ژمارە ١٠ی نەیمار دوای گواستنەوەی بۆ یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی، ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.
بەپێی هەواڵێکی فرانس بلو، دوای یەکلاییبوونەوەی گواستنەوەی نەیمار بۆ یانە فەرەنسییەکە، دوێنێ لە دوو کۆگای یانەکە، دەست بە فرۆشتنی درێسە نوێیەکان کرا.
لە کاتێکدا لەبەردەم کۆگاکەی شەقامی شانزەلیزەدا سەرەیەکی دوور و درێژ درووستبوو، ئەوە زانرا کە درێسی ژمارە ١٠ نەیمار، کە بە ١٠٠ یورۆ دەفرۆشرا، لە ماوەی ٦ کاتژمێردا، تەواوبووە و لە کۆگاکەدا نەماوە.
ئاماژە بەوەشدەکرێت ١٥ هەزار هاندەری یانەکە روویان لە هەردوو کۆگای یانەکە بەمەبەستی کڕینی درێسەکان کردووە و لەو بارەیەشەوە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمارکراوە.
لە هەواڵەکەدا باس لەوەکراوە هەر لە سەرلەبەیانییەوە دەست بە فرۆشتنی درێسەکان تاوەکە کۆتاییان هاتووە لە دوای نیوەڕۆدا کراوە و تەنها لە ماوەی یەک رۆژدا ١٠ هەزار درێس فرۆشراوە.
هاندەران دوای چاوەڕوانییەکی دوو کاتژمێریی، توانیویانە درێسێکی ژمارە ١٠ی زەردی یانەکەیان کە لە یاریگای یانەی بەرامبەردا، لەبەری دەکات، بکڕن و بەو شێوەیەش تەنها لەماوەی یەک رۆژدا پاریس سان جێرمان یەک ملیۆن یورۆی لەرێگەی فرۆشی درێسەکانی نەیمارەوە دەستکەوتووە.
یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی بە گرێبەستێک کە بڕەکەی ٢٢٢ ملیۆن یورۆ بوو، نەیماری بەرازیلی تەمەن ٢٥ ساڵی لە یانەی بەرشەلۆنە بردبوویە ریزەکانییەوە و دوێنێ لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی خاوەنی یانەکە، ناسر خلێفی، بە راگەیاندنەکانی ناساندبوو.