مەدرید
ئەمڕۆ چوارشەممە سەعات ٩:٤٥ی ئێوارە ھەردوو یانەی خاوەن مێژوو ریال مەدریدی ئیسپانی و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بۆ جاری ١٥یەمین لە یاریگای سانتیاگۆی پایتەختی ئیسپانیا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. لەکۆی ١٤ یاریی رابردوودا ھەریەکەیان حەوت بردنەوەی تۆمارکردووە و ھیچ یەکسانبوونێک نەبووە.
یاریزانی پرتوگالی و ئەستێرەی یانەی شاھانە کرستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی: "ریال مەدرید لە دەستپێکی خولەکەدا باش نەبوو، بەڵام ئێستا دەبینین یاری دوای یاری ئاستی بەرزدەبێتەوە. کاتێکی زۆریشمان لەبەردەمە."
رۆناڵدۆ لەبارەی یارییەکەی ئەمڕۆ گوتی: "یارییەکی مێژوویی و گرنگە، بەڵام بەھۆی ئەوەی جارێ لە گروپداین یارییەکە نابێتە یەکلاکەرەوە. لە خاکی خۆمان یاری دەکەین و دەمانەوێ بیبەینەوە. یوڤانتوس تیپێکی بەھێزە، جگە لە توانای یاریزانانی، وەک تیپیش سەرکەوتووە و یاریزانانی دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ تۆپ بکەن. ئەگەر ئەمڕۆ بتوانین سەرکەوین و کۆی خاڵەکانمان بەرزکەینەوە بۆ نۆ خاڵ، ئەوا تا رادەیەک سەرکەوتنمان بۆ قۆناغی دووەم مسۆگەردەکەین."
لەبارەی گۆڕینی شوێنی یاریکردن رۆناڵدۆ گوتی "ھیچ گۆڕانکارییەک لەشوێنی یاریکردنم رووینەداوە. ئەو بڕیارانەیش لەدەست راھێنەر ئەنچیڵۆتییە. ئەو راھێنەرێکە کارکردن لەگەڵیدا شانازییە".
پێکھاتەی چاوەڕوانکراوی یانەی ریال مەدرید بەمجۆرەیە:
کاسیاس، ئەربیلوا، ڤاران، پێپێ، کوێنتراو، خزیرە، ئیلارا، مۆدریچ، دیماریا، رۆناڵدۆ، بنزیما
یارییەکە لەلایەن ناوبژیوانی ئەڵمانی مانوێل گرافێی تەمەن ٤٠ ساڵەوە بەڕێوەدەچێ.