سلێمانی
بەردەركی سەرای شاری سلێمانی بووە گۆڕەپانی خۆپیشاندانێكی دیکەی دانیشتووانی شارەكە بۆ كۆبانێ.
خۆپیشاندانەكە بە رێپێوانێكی هێمنانە دەستیپێكرد لەبەردەم باخی گشتییەوە بەرەو بەردەركی سەرا و لەوێ خۆپیشاندەران گیرسانەوە و چەندین دروشمیان دەگوتەوە.
دروشمەكانی خۆپیشاندانەكە هەمووی پشتگیری بوو لە شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە كۆبانێ، هاوکات بەڵێنیان دوپاتدەكردەوە كە سلێمانی لەگەڵ كۆبانێیە و پشتیوانیەتی.
خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ لە لایەن ئەنجومەنی راپەڕاندنی چالاكی مەدەنی لە سلێمانی سەرپەرشتی دەكرا، كە گروپێكن لە كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی و رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس پێكهاتون و لە رۆژی ١١ی ئەم مانگە راگەیاندرا.
لە چالاكییەكەدا دوو گوتار خوێنرایەوە كە یەكەمیان داواكاریەك بوو بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و لە لایەن ئەندامی ئەنجومەنی راپەڕاندنی چالاكی مەدەنی لە سلێمانی كەمال رەئوف خوێندرایەوە و تیایدا جەختی لەسەر كاری گرنگ و پێویست و بەپەلە كردەوە بۆ بەرگریی و فریاكەوتنی كانتۆنی كۆبانێ.
داواشیان كرد پەرلەمان گوشار لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكار دروستبكا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە رۆژئاوا.
لە خاڵێكی دیکەدا داوایانكرد پەرلەمان رۆڵی خۆی ببینێ لەم كاتەدا بۆ بەدەستهێنانی یەك دەنگیی لە نێوان هەموو لایەنە كوردستانییەكاندا.
دواتر یاداشتی ئەنجومەنەكە لە لایەن ئاسۆس هەردییەوە خوێندرایەوە كە تیایدا هات: "قەدەری كورد وایە لە شەڕ و ماڵوێرانییەكاندا دەچینە ئەجێندای ناوچەكە و جیهانەوە و پێشتر ئەنفال و هەڵەبجە و ئەمجارەش دڵڕەقی و كوشتوبڕی چەتەكانی داعش كە بە پلانی دوژمنانی كورد كارەساتی شنگالیان قەوماند، ئێستاش دەیانەوێ كۆبانێ بكەنە سەرەتای كۆتاییهێنان بە ئەزموونی حكومداری لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان."
ئاسۆس گوتیشی: "بەڵام دەرفەتێكی گەورە هاتووەتە بەردەم كوردستانی گەورە، تا یەكێتیی و روحی نەتەوەیی دوپاتبكرێتەوە، سەرنجی جیهان بەلای خۆیدا رادەکێشێ."