Muhammet Tarhan
14 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە-AA
وه‌ڵامی ئەو پرۆفیسۆرە سویدییە ئاشكرابوو كه له‌رێگه‌ی ئیمهیڵێكهوه داوای مەشقی خوێندکارێكی تورک ره‌تده‌كاته‌وه، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی "تورکیا رێگری لە ئه‌ندامێتی سوید له ناتۆ کردووه".
بەپێی هەواڵێكی TRT World، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی دەروونناسی لە زانکۆی ئیبن خه‌لدون له ئیستانبوڵ، فاتمە زه‌هرا س، مافی ئەوەی به‌ده‌ستهێناوه لە هاوینی ٢٠٢٣دا، لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئێراسموسی یەکێتیی ئەورووپادا، لە زانكۆیه‌كی یه‌كێك له وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتییه‌كه وه‌ك توێژه‌ر مه‌شق بكات.
لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا، فاتمە زه‌هرا س. ئیمەیڵێکی بۆ ئەکادیمیست له زانكۆی ستۆكهۆڵم، پێر كارڵبرینگ ناردووە و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه دەیەوێت بەشداری لە پڕۆژەی توێژینەوەکەدا بکات کە ناوبراو سه‌رپه‌رشتی ده‌كات.
پێر كارڵبرینگ له وه‌ڵامی داواکارییهكهی فاتمە زه‌هرادا رایگه‌یاندووه: "به‌ڕێز فاتمە، زۆرم پێ خۆشە میوانداریت بکەم، بەڵام دەبێت داواکارییەکەت رەت بکەمەوە، چونکە تورکیا رێگری لە سوید دەکات بچێته ناتۆوە. ببورە".
- "دوای وەرگرتنی ئەو وەڵامە تووشی شۆک بووم"
له‌وباره‌یه‌وه فاتمە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی TRT World،ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد رەنگە ئه‌و خوێندکارانەی دیکە کە داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ زانکۆکە هه‌مان وەڵامیان وەرگرتبێت و گوتی: "دوای وەرگرتنی ئەو وەڵامە تووشی شۆک بووم. بۆ تێگه‌یشتن له‌وه ماوەیەکی زۆرم ویست".
فاتمه جەختی لەوە کردەوە، تا ئێستا داوایه‌كی فه‌رمی لێبوردنی له پرۆفیسۆر پێر كارڵبرینگهوه پێنه‌گه‌یشتووه و گوتی: "هیوادارم داوای لێبوردنم لێبكات، بەڵام نەیکردووە و بێهیوا بووم لەو بارەیەوە. پێموایە ئەم رەفتارە منداڵانە و رەگەزپەرستانەیه و بەڕاستی نەگونجاوه".
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەزموونە ناخۆشه‌كه‌ی، داواکارییەکەی لەلایەن مامۆستایەکی دیكه لە بەشی دەروونناسی هەمان زانکۆوه وەرگیراوە و بەنیازە ئه‌م هاوینە درێژە بە مەشقەکەی بدات.
- فاتمه سکاڵای گه‌یانده زانكۆكه
رۆژی ٥ی کانوونی یه‌كه‌م، فاتمە زه‌هرا س. سکاڵای گه‌یانده زانکۆكه به‌وه‌ی جیاكاری به‌رامبه‌ر كراوه و لە سكاڵاكه‌یدا باسی له‌وه‌كردووه، وەڵامی پرۆفیسۆرەکە "پشتی به بیروبۆچوونی سیاسیی به‌ستووه و هەڵوێستی جیاکاری نیشانداوە و تەنانەت بە تەواوی رەگەزپەرستانه بووە".
جێگری سەرۆکی بەشی دەروونناسی لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، تۆرون لیندۆڵم ئۆجمیر، له‌وباره‌یه‌وه لە نامەیەکدا داوای لێبوردنی له فاتمه كرد.
لە نامەکەدا تۆرون لیندۆڵم ئۆجمیر دانی بەوەدا ناوه، هەڵسوکەوتی پرۆفیسۆر پێر كارڵبرینگ نەگونجاو و هەڵە بووه.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی بەشی دەروونناسی لە زانکۆی ستۆکهۆڵم فرێدریک جۆنسۆن رایگه‌یاند: "ئێمە داواکارییهكی زۆر لە خوێندکارانه‌وه وەردەگرین کە خوازیارن وەک توێژه‌ر لەگەڵماندا کاربکەن. ناتوانین هەموو ئەو داواکارییانە قبوڵ بکەین، بەڵام هیوادارین هەر داواکارییەک كه پێشكه‌ش ده‌كرێت بە شێوەیەکی پیشەیی وەڵام بدرێته‌وه. لەم حاڵەتەدا هەر کە پێمان زانی به‌پێی رێكاره‌كان هەنگاومان هاویشت".
هه‌روه‌ها پرۆفیسۆر كارڵبرینگ پرسیارەکانی وه‌ڵام نه‌دایه‌وه.