چیای شنگال/ شوان سدیق
لە چوارەم رۆژی ئۆپەڕاسیۆنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بەهاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان سەرلەبەیانی رۆژی شەممە پێشمەرگە چوونە سەر چیای شنگال.
شان بەشانی هێزەكانی پێشمەرگە تیمی رۆژنامەوانی ئانادۆڵو لەسەر چیای شنگال ئامادەبوو و لە زاری هاووڵاتییانی سەر چیاكە چیرۆكی ژیانیان لەم راپۆڕتەدا دەخرێتەڕوو.
لەسەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ دوای هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر ناوچەی ئێزدی نشینەكان، دوایی كۆنترۆڵكردنی قەزای شنگال، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێزدی لەپێناو پاراستنی ژیانیان، پەنایان بۆ سەر چیاكە برد.
دوای چوار مانگ ژیان لەسەر ئەو چیایە دانیشتوانی سەر چیاكە پێش ئەوەی دیداریان لەگەڵ ئەنجام بدەی بەڕوخساریاندا ماندووبوون و بێ ژیانی و ئاوارەی دیارە ئەوەی بەلای ئەوانەوە ماوەتەوە تا ئێستا ئارامی و دان بەخۆداگرتن بووە لەوماوە دووروودرێژە سەرئەنجام ئەوان ئارامییەكەیان دادی دان و ئێستا دەتوانن بێنە خوارەوە لە سەر چیاكە.ئەو هاووڵاتییە شنگالییانە كە هانایان بۆ چیاكە هێناوە، ژمارەیان بەهەزارن كەس دەخەڵمنێرێ.
ژنان و گەنجان و بەساڵاچووانێكی زۆرت بەرچاو دەكەوێ جل و بەرگی پیس و قوڕاویان لەبەردایە پێدەچوو ئەو چەند مانگەی لێرەن دەرفەتی ئەوەیان نەبووبێ پاكوخاوێنی خۆیا رابگرن، تەنانەت خۆشیان بشۆن.
كاتێ كە دەیانهێنیتە قسە ئەوان پێدوایستی و داواكارییەكانیان هەمووی یەكە. كێشەی ئاو و سوتەمەنی خزمەتگوزاری تەندروستیان هەیە و داوای جلوبەرگ و خێمە دەكەن.حەمۆ رەكات پیاوێكی تەمەن 55 ساڵە چەكێكی كۆنی لەسەرشان بوو، ریش و سمێڵی سپی بەهۆی دوكەڵی جگەرە و ئاگردان زەرد هەڵگەرابوو.حەمۆ بە پەیامنێری ئانادۆڵوی گوت "ئێستا پێویستمان بە خۆراكە ئەوە بۆ چوار مانگە وەك پیۆیست تێر سكمان نانمان نەخواردوە".
زۆربەی دانیشتووانی سەر چیاكە بێ ئاگابوون لەوەی بەشێك لە ناوچە ئێزدی نشینەكان لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكراوەنەتەوە و چەكدارانی داعش ناوچەكەیان جێهێشتووە.دخیل شەمۆی 29 ساڵ هاووڵاتییەكی ترە لەسەر چیاكە و ئەویش هاوشێوەی شنگالییەكانی تر لەگەڵ خێزانی و چوار منداڵی لە خێمەیەك ژیان بەسەردەبەن.
دەخیل بۆ ئانادۆڵو گوتی "رزگاركردنی رێگای ناحیەی سنوونێ لەگەڵ چیای شنگال ئەمە جەژنێكی گەورەیە بۆ ئێمە هەر چەندە بێ ژیانین ئەوەندە كێشەمان هەیە نازانم لەچییەوە دەست پێبكەم، هیوادارین فریاگوزاری سەرەتایمان پێبكات. بەتایبەتی خۆراك و سوتەمەنی".
ژنان و منداڵان لەسەر چیاكە بەشێكی زۆری خەڵكی سەرچیاكەیان پێك دەهێنا ئەوان لەپیاوان زیاتر ماندوبوونیان پێوە دیار بوو. بەشێكیان رۆژانە بە دووری سەدان مەتر بە سەتڵ و قابلەمە، بەشان ئاو دەگوازنەوە بۆ خواردنەوە و خواردن دروستكردن.
خاتوون شەمۆ ژنێكی تەمەن 32 ساڵە و لەگەڵ شەش منداڵی بۆ پێنج مانگە لەسەر چیاكە ماوەتەوە.
خاتوون لەكاتی دروستكردنی نانی تەنور بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو گوتی "ژن و پیاو و منداڵ هەموومان وەكو یەكمان لێ هاتووە، یەك كێشەمان هەیە هەموومان ئەویش خواردن نییە بەڵكو كێشەی تەندروستیمان هەیە هاوكاتیش شوێنی نیشتەجێبوونمان نییە".
یەكێك لەو هاووڵاتییانە رەشۆ عوبێدی 30 ساڵە بوو. ئەو بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو گوتی "كەسوكارم زۆری لە دەوربەری زاخۆن، خێزانەكەشم لە زاخۆیە، كەم لەهەواڵی یەك دەپرسین، هیوادارم رۆژێك بێتشنگال رزگاربكرێ و ئێمەش بەیەك شاد بینەوە".