Ömer Faruk Yıldız,Rewa Mahmood Hasan
18 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2019
شاه عالەم-AA
کچەلاوێکی مالیزی تەمەن ١٩ ساڵ لە رێی جموجۆڵە سەرسوڕهێنەرەکانییەوە کە بە تۆپی پێ دەیکات، بۆتە جێی باسی زۆرێک لە خەڵک و میدیاکان.
خەیرونیسا ئیندانگ واهیودی ناوی ئەو کچە باڵاپۆشەیە کە هەوڵ دەدات لە رێی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستیگرامەوە تواناکانی خۆی نمایش بکات ئەویش بە بڵاوکردنەوەی گرتەیی ڤیدیۆیی خۆی لە کاتی یاریکردن بە تۆپ و چەندین جوڵەی سەرنجڕاکێش پێی.
ناوبراو زیاتر لە ١٠٠ هەزار شوێنکەوتووی هەیە لە تۆری کۆمەڵایەتی ئینستیگرام و هەفتانە چوار رۆژ سەرقاڵی مەشقە تاکو بتوانێت ئەو توانایەی خۆی بپارێزێت کە یاریکردنە بەتۆپ بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کە بە جامبازی تۆپ ناسراوە.
خەیرونیسا کە لە بەشی عەرەبی زانکۆی ئەل مەدینە لە مالیزیا دەخوێنێت،خولیای یاریکردنی بەتۆپ هەیە و جگە لە وانەکانی رۆژانە مەشق دەکات لە تۆپی پێدا.
خەیرونیسا لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت کە تا تەمەنی ١٦ ساڵی هیچ حەزێکی بۆ تۆپی پێ نەبووە و لە پڕێکدا ئەو حەزەی بۆ دروست بووە و دەڵێت، ''سێ ساڵ لەمەوبەر دەستمکرد بەو کارە. کاتێک برا بچووکەم دەبرد بۆ یاریکردن لەوێوە حەزم بۆ دروست بوو بۆ ئەم یاریە. لەبەرئەوەی ئافرەتم نەمدەتوانی لەگەڵ کوڕاندا یاری بکەم. خێزانەکەم لەو بڕوایەدابوون کە تۆپی پێ بۆ ئافرەتان سەختە. منیش حەزم کرد کە وەرزشێکی تایبەت بە خۆم لە رێگەیەکی تایبەتەوە دەربخەم و تاقی بکەمەوە، بۆیە بەدواداچوونم کرد بۆ ستایڵێکی ئازادانەی تۆپی پێ''.