هەولێر - AA
كارگەی ئاوامێدیكا دەتوانێ 97 جۆر دەرمان بەرهەم بهێنێ و ئامادەشە دەرمانی هەموو عێراق بەهەرێمەوە دابین بكا.
سێیەم گەورەترین كۆمپانیای جیهان لە دروستكردنی دەرمان گرێبەستێك لەگەڵ كارگەی ئاوامێدیكا بۆ دروستكردنی درەمان لەهەولێر ئیمزادەكات، بەڕێوەبەری كارگەی ئاوامێدیكاش دەڵێ سێ تا پێنج ساڵی دیكە دەرمانی تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە دروست دەكەن.
لە مانگی نۆڤەمبەری 2011 كارگەی دەرمانی نێودەوڵەتی سەنۆفی كە یەكەمە لە ئەوروپا و لەسەر ئاستی جیهانیش سێهەمە، داوای هەماهەنگی لە كارگەی ئاوامێدیكا دەكات بۆ دروستكردنی دەرمان، دوای حەوت جار لەناردنی شاند بۆ كارگەكە لەهەولێر، دواجار دوو مانگ لەمەوپێش ئاوامێدیكا و سنەوفی گرێبەستێكیان واژۆكرد، بەپێی گرێبەستەكە ئاوامێدیكا دەرمانی تایبەت بەچارەسەری شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی دڵی كارگەی سنەوفی لە پاكەت دەكات.
دکتۆر بارام رەسوڵ لەبارەی گرێبەستەكەوە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ نادۆلۆ گوتی: " سەرەتا بەوە دەست پێدەكەین، پاشان كارمەندانی ئێمە لەسەر دروستكردنی دەرمانی شێرپەنجە و ئەو دەرمانە قورسانەی لەهەموو وڵاتێ بەرهەم نایەت رادەهێنرێن، لە سێ تا پێنج ساڵی دیكە دەتوانیین دەرمانی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە ئاوامێدیكا بەرهەم بهێنین."
ئاوامێدیكا یەكەمین و تاقە كارگەی دروستكردنی دەرمانە لەكوردستاندا و سەر بەكەرتی تایبەتە، لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2009 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی بەفەرمی كرایەوە، لە 2010 دەستكراوە بە دروستكردنی دەرمان تێیدا، لە مانگی كانوونی دووەم 2010 یەكەم دەرمانی بەشێوەی حەب (تابلێت) بەناوی پارائازارەوە كە تایبەتە بە ئازار بەرهەمهێناوە.
خاوەنی كارگەكە پرۆفیسۆرێكی شارەزای دەرمانسازییە بەناوی دکتۆر بارام رەسول لەدایكبووی ساڵی 1945 سلێمانییە، كۆلێژی دەرمانسازیی زانكۆی بەغدای لە ساڵی 1968 تەواوكردووە. لە ساڵی 1982 دكتۆرای لە زانستی كیمیایی دەرمانی لە زانكۆی ئۆپسالای سوید تەواوكردووە، لە 1996 بووەتە پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی ئۆپسالا.
دکتۆر بارام رەسوڵ لەساڵی 1975ەوە لە سوید دەژی، لەساڵی 2006 لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەی دەرمانی خراپ و ساختە لەهەرێم لە رێگەی دامەزراندنی كارگەیەكی دەرمانی خۆماڵییەوە رادەسپێردرێ.
بارام رەسوڵ لەساڵی 1989 لەگەڵ پرۆفیسۆری فنلەندی لەتانۆ پرۆست دەرمانێكییان بەناوی (Xalatan) بۆ چارەسەركردنی ئاوی رەشی چاو (Glaucoma) دۆزیوەتەوە و داهێنانی ئەو دەرمانە بەناوی هەردووكیانەوە تۆماركراوە و لە هەموو جیهاندا بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییە بەكاردێ.
دکتۆر بارام رەسوڵ دەڵێ کە لەسەرەتای دەستبەكاربوونییانەوە سووربوون لەسەر بەرهەمهێنانی دەرمان بەبەرزترین كوالیتی، ئەوەش وای لێكردوون ساڵی یەكەمی كاركردنییان لە خۆ ئەزموونكردندا تاقی بكەنەوە، لەمبارەیەوە گوتی: "ساڵی یەكەمی كاركردن بۆ ئێمە ئەزموونی بوو، نەمانویست بەرهەمی زۆر بەرهەم بهێنین، بەڵكو بەرهەمی كەم و كوالیتی بەرز، چونكە كارگەكە بۆ چارەسەركردنی دەرمانی خراپ دروست بووبوو."
ئەو سووربوونەی بەرپرسانی ئاوامێدیكا وای كردووە لەرووی كوالیتییەوە لە ئاستێكی نێودەوڵەتیدا بن و وەك ئەوەی دکتۆر بارام زوو زوو دووبارەی دەكردەوە كارگەكە كارگەیەكی ئەوروپییە لە هەولێر. هێما بۆ ئەوەش دەكا دەرمان لە كارگەكەی ئەواندا بە پێنج كۆنتڕۆڵ تێدەپەڕێ.
ئاوامێدیكا لە ساڵی یەكەمی كاركردنییدا كەمتر لە 10 جۆر دەرمانی بەرهەمهێناوە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 97 جۆر بەرزبووەتەوە كە 62 جۆریان لەبازاڕەكاندان.
لەمبارەیەوە بارام رەسوڵ دەڵێ: " ئێستا دەتوانیین 97 جۆر دەرمان بەرهەم بهێنین، بەڵام هەمووی لەبازاڕدا نییە، چونكە دەمانەوێ بەپێی پێویستی و داواكاریی بازاڕ دەرمان بەرهەم بهێنین. ئێمە دەتوانیین سەدا 100ی دەرمانی پێویست بۆ هەموو عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە دروست بكەین."
ستافی ئاوامێدیكا لە 220 كەس پێكدێ، سەدا 18ی كارمەندەكانی بیانیین كە 30 هیندی، سویدی و تەنزانییەكی تێدایە، ئەوەشی دەمێنێتەوە عێراقیین و زۆرینەشیان كوردن.
بەڵام ئەو كێشەیەی وایكردووە هێشتا بەرهەمەكانی ئاوامێدیكا وەكو پێویست لەبازاڕەكانی هەرێم بڵاونەبێتەوە بەپێی قسەكانی دکتۆر بارام، بوونی مافیاكانی هێنانی دەرمانن كە دەسەڵاتیان لە وەزارەتی تەندروستییش زیاترە.
دکتۆر بارام رەسوڵ لەمبارەیەوە گوتی: " ناتوانیین فشار بخەینە سەر وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگە و دەرمانخانەكان بۆ ئەوەی دەرمان لە ئێمە بكڕن، ئێمە داوامان لێكردوون، وەزیری تەندروستییش پێیخۆشە گرێبەستی گەورەمان لەگەڵ بكا، زۆریش هەوڵی داوە، بەڵام ئەمە شتێكی ئاسان نییە و بەتەنها بەو ناكرێ، لە كوردستان هێشتا مافیاكانی هێنانی دەرمان، دەرمان دەهێنن و دەسەڵاتیان لەوەزارەتیش زیاترە."
ئاوامێدیكا ساڵی رابردوو بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار دەرمانی بۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق دابینكردووە كە زۆرینەی دەرمانەكان تایبەت بوون بەنەخۆشی دڵ و شەكرە، بەڵام حكومەتی هەرێم زۆر كەمترە لەو بڕە لەو كارگەیە دەكڕێ.
بەهۆی دەرچوونی دەرمانەكانی ئاوامێدیكا لە كۆنترۆڵی جۆری و تاقیگەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمان ئەمساڵ گرێبەستێكی گەورەتریان لەگەڵ كارگەكە ئیمزاكرد.
دکتۆر بارام پێشنیاز دەكا پەرلەمانی هەرێمی كوردستان یاسایەك بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی خۆماڵی پەسەند بكا كە تێیدا بەدیاری كراوی هێنانی دەرمان بۆ هەرێم كۆنترۆڵ بكات. دەشڵێ چەند جارێك ئەمەی پێشنیازكردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
بارام رەسوڵ لەگەڵ ئەوەی بە بڕوایەكی زۆرەوە پێیوایە ئێستاشی لەگەڵدا بێ خراپێ هیچ بەرهەمێكی ئەوان لەكوردستاندا ساغ نەبۆەتەوە، دەڵێ هێشتا بەشێك لەو دەرمانەی دەهێنرێتە هەرێمەوە بەهۆی ئەوەی ژەهرە لەبری چارەسەر خەڵك دەكوژێ. دەشڵێ کە لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە دەرمان دەهێنرێتە كوردستان، تەنانەت بەنگلادیشیش دەیەوێ دەرمان بهێنێتە هەرێمەوە، هێشتا بە ئاسانی دەرمانی خراپ دەهێنرێتە هەرێمەوە.
كارگەی ئاوامێدیكا بۆ دروستكردنی دەرمان سەدا 100 پشت بە مەوادی كیمیایی دەبەستێ نەك گژوگیا، ئەو وڵات و كارگانەشی ئاوامێدیكا ماددەی خاویان لێ دەكڕێ دەبێ لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانی یان كۆمپانیا بەناوبانگەكانی دەرمان لەجیهان رێگەپێدراوبن. ئەمریكا و بەریتانیا و چین و هیندش نموونەی ئەو وڵاتانەنن كە كارگەكە ئەو ماددانەیان لێدەكرێ.
دکتۆر بارام كە هەمیشە بە بزەیەكی پڕ لەجیددی بوونەوە قسەكانی دەكرد دەیگوت رەوشی هەرێم لەرووی دەرمانەوە زۆر لە ساڵانی پێشتر باشترە و بەگەشبینییەوە دەڕوانێتە ئەو رۆژەی بتوانن دەرمانی هەموو عێراق بەكوردستانیشەوە دابین بكەن.