Sarmand Hameed
28 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2018
بەغدا - AA
بەڕێوبەری بەشی پێشبینییەکان لە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، عەلی عەبدولخالق رایگەیاند کە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤ پلە بە پێوەری ریختەر پارێزگای واست باشووری عێراقی هەژاند.
لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی عەبدولخالق ئاماژەی بەوەکرد کە بوومەلەرزەکە کاتژمێری ٤ی بەیانی بەکاتی ناوخۆ باکووری رۆژهەڵاتی شارەکەی هەژاندووە.
عەلی عەبدولخالق گوتیشی: "بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٢.٧ بە پێوەری ریختەر لە دوای بوومەلەرزەکەی یەکەم هەمان ناوچەی هەژاند".
بەڕێوبەری بەشی پێشبینییەکان لە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، عەلی عەبدولخالق ئاشکرایشی کرد کە بەپێی زانیارییەکان لە هەردوو بوومەلەرزەکەدا هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەکەوتووەتەوە.
لە ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، بوومەلەرزەیەک بە گۆڕی ٧.٢ پلە بە پێوەری ریختەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی هەژاند. ئەوکات وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند لە ئاکامی بوومەلەرزەکەدا هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و ٥٣٥کەسی دیکەش بریندار بوون، و هاوکات لە ئێرانیش ٦٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکە بریندار بوون.