Abdullah Shukur
07 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2017
ئەنتاڵیا - AA
فاتیمە ئۆنجالی تەمەن ٣٨ ساڵ کە ھاووڵاتییەکی تورکیایە و لە شاری ئەنتاڵیا ژیان بەسەر دەبات، تەنھا بە فرۆشتنی چوار بازنەکەی دەستی چووەتە نێو کەرتی ئاژەڵداری و ئێستاش بە بەھای یەک ملیۆن لیرەی تورکی (٢٥٧ ھەزار دۆلاری ئەمریکی) خاوەنی چێڵ و مریشک و بزنە.
ئۆنجال خاوەنی ١٠٧ بزن، ١٣٤ چێڵ و ٢٠٠ مریشکە کە بەھاکەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن لیرەی تورکی.
ئۆنجال لە شارۆچکەی موراتپاشا سەربە پارێزگای ئەنتاڵیا ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی سێ منداڵە، لە دوای ئەوەی لە کەرتی حکوومی وەک فەرمانبەر دانەمەزراوە، گەڕاوەتەوە سەر پیشەی باوباپیرانی کە ئەویش ئاژەڵدارییە.
ئۆنجاڵ بە فرۆشتنی چوار تاک بازنەکەی دەستی کە لەلایەن ھاوژینەکەیەوە بۆی کڕدرابوو، گوێرەکەیەکی پێ کڕیوە و و لەدوای بەخێۆکردن و بوونی بەچێڵ، بە فرۆشتنی شیرەکەی قازانجێکی زۆری کردووە و بووەتە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری چێڵ و بزن و مریشک.
ئۆنجال بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەوان ١٠ ساڵ پێش ئێستا ھاتوونەتە ئەنتاڵیا و پاش ماوەیەکیش بڕیاریداوە بەمەبەستی قازانجکردن ئاژەڵ بەخێو بکەن.
ئۆنجال گوتی: "چوار بازنم فرۆشت و گوێرەکەیەکم پێ کڕی. پاشانیش بەھۆی فرۆشتنی بەرھەمەکەیەوە قازانجم کرد و ئێستاش خاوەنی ئەم ھەموو ئاژەڵەم".
ئۆنجال رایگەیاند کە ئەو بۆ ماوەی مانگێک شیری ئەو چێڵەی بۆ یەکەمجار کڕیویەتی، بە خۆرایی بەسەر خەڵکی دابەشی کردووە و پاشانیش ناوبانگی دەرکردووە و بڕێکی باشی لە بەرھەمی ئەو ئاژەڵەی فرۆشتووە. پاشانیش چەندین ئاژەڵی دیکەی پێ کڕیوە".
ئێستا سێ کرێکار لەلای ئۆنجال کار دەکەن و ناوبراو ئاشکراشی کرد کە لە دوای خانەنیشینوونی ھاوسەرەکەی، نیازیان وایە شوێنێکی گەورەتر بکڕن و کارەکەیان فرازانتر بکەن.