ھەولێر
ئاژانسی ئانادۆڵو نوێترین وێنەی بەنداوی موسڵ كە ٥٠ كیلۆمەتر لە شاری دھۆكەوە دوورە بڵاودەكاتەوە.
گەیشتن بە بەنداوی موسڵ لەھەولێرەوە بۆ ئەو شوێنە زەحمەت و قورسە، رۆیشتنە بەنێو دە بازگەی پێشمەرگە، چۆڵیی رێگەكەش سامناكییەكی خۆی ھەیە. پاش بڵاوبوونەوەی ھەواڵی دەستبەسەرداگرتنی بەنداوەكە لەلایەن داعشەوە كە بە گەورەترین مەترسیی دادەنرێ لەسەرەتای دەركەوتنی ئەو رێكخراوە توندڕەوە و كۆنتڕۆڵكردنی چەندین شار لە عێراق، ئاژانسی ئانادۆڵو تیمێكی رەوانەی ئەو شوێنە كرد و دەردەكەوێ ھێشتا پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی بەنداوەكەی لەدەستە و سەرپەرشتیی دەكات، چەكدارانی داعشیش لەدووری دە كیلۆمەترێك لە بەنداوەكەوە دوورن.
بەنداوی موسڵ كە پێشتر بەبەنداوی سەدام دەناسرا، لەساڵی ١٩٨٠ دەستكراوە بە دروستكردنی، لەساڵی ١٩٨٣ تەواوكراوە، درێژییەكەی ٣ ھەزار و ٢٠٠ مەتر دەبێ، بەرزیی بەنداوەكەش ١٣١ مەترە، توانای ھەڵگرتنی زیاتر لە ١٣ ملیار مەتر پێ سێ جار ئاوی ھەیە، چوار دەرگای بەردانی ئاوی ھەیە، ھەر دەرگایەك لە چركەیەكیدا سی ھەزار و ٢٨٠ مەتر سێ جار ئاو فڕێ دەدا.
ترسی تەقاندنەوەی بەنداوی موسڵ و لە ئاكامدا ژێر ئاو كەوتنی چەندین شار و گوند لەوانە مەترسیدارتر ژێر ئاو كەوتنی خودی موسڵ و بەغداش وایكردووە بەنداوەكە ئەو پەڕی گرنگیی ھەبێ و لە ھەموو شوێنێكی دیكە تەنانەت لە بیرە نەوتییەكانیش جێی مەترسی بێ، بەتایبەت ئێستا داعش چەندین بیرە نەوتیی كۆنتڕۆڵكردووە، بەڵام عێراق و ھەرێمی كوردستانیش تەواو نیگەرانن لەو بەنداوە و ئەو ئاوە زۆرەی تێیدایە كە ئاوی رووباری دیجلەیە و لە توركیاوە دێتە نێوی.
ئەو كاتانەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی وێنەگرتن لەسەر بەنداوەكە بووین پاش زەحمەتییەكی زۆر لە تێپەڕین بەنێو مەترسییەكاندا دەنگی فڕۆكە و بۆردومانەكانی لەدووریی بەنداوەكە لەگوێمان نەدەبڕا، پێشمەرگەیەك لەسەر بەنداوی موسڵەوە پێیگوتین كە داعش ناتوانن ھێرشبكەنە سەر بەنداوەكە، چونكە پێشمەرگە دەیپارێزێ.
ئەو پێشمەرگەیە گوتیشی: داعش ئەگەر بەنداوەكە بگرێ حكومەتی عێراق لەترسی ژێر ئاو كەوتنی شارەكان ناتوانێ بۆردومانی بەنداوەكە بكا، بۆیە داعش زۆر ھەوڵ دەدا ئەو بەنداوە كۆنتڕِۆڵ بكا، بەڵام رێگەی پێنادرێ و پێشمەرگە ھیچ پێشڕەوییەكی داعش بەكەم نازانێ.
جگە لە دەنگی فڕۆكە دەنگی تۆپ و ھاوەن و دووكەڵی ئەوانە زۆر بەروونی لەسەر بەنداوەكە دیاربوون، چونكە دووریی دووكەڵەكان و شوێنی كەوتنەوەی ھاوەنەكان لە ١٠ كیلۆمەتر زیاتر نەدەبوون.
ئەوەی تیمەكەی ئانادۆڵو تێبینی كرد، رۆیشتنی ھێزێكی زۆری پێشمەرگە بوو بۆ جێگیربوون لە نزیك بەنداوی موسڵ ، پێدەچێ بۆ پشتیوانیی تەواو بێ لەو ھێزانەی لەوێن. ئەگەر چی پێشتر راگەیاندرابوو كە چەكی نوێ دراوەتە ئەو هێزانە، بەڵام پەیامنێری ئانادۆڵو لەو ناوچە هیچ جۆرە چەكێكی نوێی نەبینیوە.
لەنزیك بەنداوی موسڵ جگە لە پێشمەرگە چەندین خانوو ھەن كە بەشێكیان ماڵی فەرمانبەرانی بەنداوەكەیە، ھەروەھا لەنزیك بەنداوەكە رێڕەوێكی درێژ ھەیە كە جێگەی ھەزاران كەسی تێدادەبێتەوە و بۆ خۆ پاراستن لە مەترسیی فڕۆكە گونجاوە.