Heman Hussein Yaseen
26 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
چالاکوانێکی بواری ئافرەتان پێی وایە کە دەبێت پلانێکی درێژخایەن هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە و جەختیش دەکاتەوە کە حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی یاسادانان پێویستە کاریگەریی زیاتریان لەسەر ئەم پرسە هەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کوردە عومەر رایگەیاند "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو دەبینین کە ئامارەکان بە رێژەیەک کەمیکردووە بە تایبەتی جۆری کوشتن و خۆسووتاندن، لەگەڵ ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەماوەی دە مانگی رابردوودا هێڵی گەرمی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان کارا بوو، ژمارەیەکی زۆر پەیوەندی بەم هێڵەوە کراوە کە نزیکەی هەشت هەزار کەس پەیوەندی کردووە و لەم ژمارەیەش هەزار و ٨٥٠یان پیاو بوون، ساڵ بە ساڵ پلانی باشتر دادەنرێت، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە هۆکارەکانی توندوتیژی زۆرن".
کوردە عومەر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژبە ئافرەتان گەڕاندەوە بۆ زۆربوونی چەک و گوتی: "هۆکارەکانی توندوتیژی بریتیین لە زۆربوونی چەک لە هەموو ماڵێک. سۆشیال میدیا کە بووەتە هۆکارێکی کاریگەر بۆ زۆربوونی توندوتیژی، بۆیە پێویستە راگەیاندنەکانیش زیاتر تیشک بخەنە سەر هۆشیارکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تێبینی دەکەین سکاڵاکار و خەڵک زیاتر پەنا دەبەنە بەر دادگا کە ئەمەش کارێکی دروستە".
هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، پەروین حەسەن رایگەیاند "ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو هەڵمەتەکەمان راگەیاندووە، لەژێر دروشمی نەهێشتنی جیاکاری و تواناسازی و بەشداریی کارای ژنان، ئەم هەڵمەتە بەبیرهێنانەوەی خەڵکە بۆ ئەوەی زیاتر بەشداربن لە کەمکردنەوەی توندوتیژی و پێویستە جیاکاری رەگەزیی نەکرێت، ئەمساڵیش لەسەر ئاستی هەرێم و لەگەڵ ئاژانسەکانی یوئێن توانیوومانە کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام بدەین".
پەروین حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکێک لە هۆکارەکانی توندوتیژی، رەگەزە کە وەکو ژن سەیر دەکرێت، هۆکارێکی دیکە بابەتی داراییە کە ژنان وەکو پێویست بەشدارنەبوون لە بەڕێوەبردن، هەروەها تۆڕی کۆمەڵایەتی کە کاریگەری نەرێنیی هەیە لەسەر توندوتیژی، هۆکاری یاسایی کە هەندێکیان وەک پێویست جێبەجێ ناکرێن بەهۆی ئەو دابونەریتە کۆمەڵایەتییەی کە ئەویش بووەتە هۆکارێک بەرامبەر هەبوونی توندوتیژی کە وایکردووە ژن وەک مرۆڤی پلە دوو سەیر بکرێت".
چالاکوانی بواری ئافرەتان، ئاڤان فارس جاف پێی وایە کە دەبێت پلانێکی درێژخایەن هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە و جەختیش دەکاتەوە کە حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی یاسادانان پێویستە کاریگەریی زیاتریان لەسەر ئەم پرسە هەبێت.
ئاڤان فارس جاف لە لێدانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر پلانت نەبێت یان پرسی ژن لە پێشینەی کارەکانت نەبێت، لەو باوەڕەدا نیم کە بتواندرێت بە هەڵمەتێک پێشگیریی بۆ بکرێت، زۆر گرنگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی یاسادانان کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەموو دامەزراوەکان و لێپرسینەوە هەبێت لە هەموو ئەو کەسانەی کە بەشێوازێکی رێکخراوەیی کار بۆ ئەوە دەکەن کە توندوتیژی نەوەستێت".
چالاکوانی بواری ئافرەتان، ئاڤان فارس جاف ئاشکرایشی دەکات کە جۆری هەراسانکردنی سێکسی بەرامبەر ئافرەتان زیادیکردووە و بەبێ دەنگی تێدەپەڕێت و لەمبارەیەوە گوتی: "کولتوور کاریگەری زۆرە لەسەر گەشەکردنی بیری توندڕەویی بەرامبەربە مافی ژنان، پێناسەی هەڵەی ئایین یەکێکە لە سەرچاوەکانی توندوتیژی، مەترسیدارترین جۆر ئەوەیە کە بەبێدەنگی تێدەپەڕێت ئەویش هەراسانکردنی سێکسییە بەرامبەر بە ژنان کە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و دەستدرێژی هەیە و بەشێکی زۆر لە دۆسیەکان پەردەپۆش دەکرێن و رەنگە قوربانییەکە بەهەر هۆکارێک بێت بێدەنگ بێت و دواتر دەکەوێتە بەر تەنگژەیەکی ئاڵۆزی دەروونی و دواتر پەنا بۆ خۆکوشتن ببات".
ئاڤان فارس جاف گوتیشی: "ئەو پرسە پێویستە کاری لەسەر بکرێت چونکە کەمبوونەوەی رێژە مانای ئەوە نییە کە توندوتیژی نییە بە پێچەوانەوە جۆری مەترسیدارتر هەیە وەک هەراسانکردن و بێدەنگکردن یان ئەو جۆرەی لە سۆشیال میدیا هەیە کە پەنا بۆ دادگا یان هەر بەڕێوەبەرایەتییەک دەبەی چارەسەرییان پێ نییە و ئەمەش وا دەکات کەسانی بە ئەزموون پاشەکشە لە کارەکانییان بکەن".
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان و خێزان سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە میانی نۆ مانگی رابردوودا، سەرجەم حاڵەتەکانی توندوتیژی تۆمارکراو بریتیی بووە لە ٣٧٥ حاڵەت کە ٣٠ حاڵەتی کوشتن و ٤٦ حاڵەتی خۆکوشتنیان لەنێودایە، هەروەها هەشت ھەزار و ٥٠٩ سکاڵاش تۆمار کراوە و ١٢٥ ئافرەت سووتاوە و ٨١ ئافرەتیش خۆیان سووتاندووە لەگەڵ ٩٣ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی.