Rewa Mahmood Hasan
19 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی - AA
پاییز کە لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا بە خەزان ناسراوە، پێگەیەکی گرنگی هەیە لەنێو شیعری شاعیرانداو هەندێک لە شاعیران تەنیا بەدەرکردنی یەک دیوان لەسەر پاییز ناوبانگیان دەرکردووە، لەوانە محەمەد عومەر عوسمان کە بە ژەنەڕاڵی پاییز ناوی دەرکردووە.
مانگەکانی پاییز ڕەزبەر، خەزەلوەر یان گەڵارێزان و سەرماوەزن. لەناویاندا گەڵارێزان دیارترین سیمای پاییزە و لەنێو خەڵکی ئاساییدا دەبێتە مایەی خۆشی بۆیان و هەندێکیان بە خەموەرێن ناوی دەبەن.
هەربۆیە بەشێکی تایبەت لە هاووڵاتیان لەگەڵ هاتنی مانگی گەڵارێزاندا سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن کە چێژی پاییزەیان پێ دەدات و لەوێ لەگەڵ وەرینی گەڵاکاندا هەوڵ دەدەن خەمی خۆیان بەباکەن.
هەورامان کە بە چڕی دارودرەختەکەیدا ناسراوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزدا، گەڵارێزان ناوچەکە داگیر دەکات، بەچەشنێک دیمەنی سەرنجراکێش دەبەخشێت، کە زۆرێک لە گەشتیاران تەنیا بۆ بینینی ئەو سیحرە سروشتییە سەردانی ناوچەکە دەکەن.
وەستا سامان یەکێکە لە دانیشتوانی گوندی بەڵخەی سەر بە هەورامان. ئەو لە قەدپاڵی چیای هەوراماندا کە دەکەوێت نێوان ناحیەی بیارە و شارەدێی تەوێڵە سەرقاڵی دروستکردنی کەبابە لە چێشتخانەکەیدا، ئەو لەکاتی وەرگرتنی پشوودا سەرقاڵی چا خواردنەوەبوو، بەدەم خۆ گەرمکردنەوەی بە ئاگری پشکۆکانەوە باسی لە سەرنجراکێشی ناوچەکە کرد، کە هەر ئەمەشە وای کردووە ژمارەیەک زۆر گەشتیار لە هەر چوار وەرزەکەدا سەردانی هەورامان بکەن.
وەستا سامان ئاماژە بەوە دەکات گەشتیارێکی زۆر تایبەت لە وەرزی پاییزدا روودەکەنە ناوچەکە بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دیمەنی سەرنجڕاکێشی پاییزی هەورامان و دەڵێت، "هەورامان لە تەواوی وەرزەکاندا گەشتیاری خۆی هەیە، لە هاویندا ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری کورد، عەرەب، فارس، تورک روودەکەنە ناوچەکە، لە وەرزی زستانیشدا لەکاتی هاتنی بەفردا خەڵکێکی زۆر روو دەکەنە هەورامان و ماڵی تایبەت هەیە بۆ کرێی و لەوێ دەمێننەوە، بەڵام گەشتیارانی وەرزی پاییز زۆر تایبەتن، تەنیا بۆ بینینی دیمەنی سەرنجراکێشی گەڵارێزان روو دەکەنە ناوچەکە".
لە ناوچەی هەورامان چەندین دارستانی چڕ هەن بەتایبەت لەقەدپاڵی چیای هەورامان لە بەڵخە، لە ئاوێسەری خاڵی سفری سنووری ئێران-عێراق، لە نزیک مەرزی شوشمێ و ناحیەی بیارە.