Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2017
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ دەیان كەس لە دانیشتووانی گوندی كانی شینكە (دەكەوێتە رۆژهەڵاتی سلێمانی و نزیكەی 250 ماڵ لەخۆ دەگرێت) لە بەردەم بینای قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی كۆبوونەوە و دەستیان بە خۆپیشاندان كرد، ئەوان نیگەرانن لە رووخاندنی خانووەكانیان لە لایەن شارەوانی سلێمانییەوە.
یەكێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە، زمناكۆ ئەحمەد (تەمەن 29 ساڵان) بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "پێش شەش مانگ شارەوانی هاتنە گوندەكەمان و سنووری بۆ جیاكردینەوە و پێیان گوتین كە لەناو ئەو سنوورەدا دەتوانین ئیشوكاری خۆمان بكەین. لەو كاتەشەوە تیمەكانی شارەوانی نەهاتونەتەوە بۆ لامان و هیچ شتێكیان نەگوتووە، بەڵام دوای ئەوەی دەستمان بە دروستكردنی خانوو كردووە و خانووەكانمان تەواو كردووە، دوێنێ هاتوونەتە سەرمان و نزیكەی 15 خانویان رووخاندووە".
ئەو گوتی: "دوای ئەوەی ئێستا قایمقامی ناوەندی سلێمانیمان بینی و كێشەكەمان پێی گەیاند، داوای كرد نووسراوێكی بۆ بەرز بكەینەوە تاوەكو بەدواداچوونی لەسەر بكات".
بەختیار عەلی پێشمەرگەیە و یەكێكە لەو كەسانەی خانووەكەی بەر هەڵمەتی تیمەكانی شارەوانی كەوتووە و رووخێنراوە، ئەو بۆ ئانادۆڵو گوتی: "من سێ مانگە خانووم كردۆتەوە و هیچ كەس نەهاتووە رێگریمان لێبكات، ئەوەش دوای ئەوە دێت تیمەكانی شارەوانی خۆیان هاتن و سنووریان بۆ جیاكردینەوە تاوەكو خانووی لەسەر دروست بكەین".
سەرۆك شارەوانی سلێمانی، یوسف یاسین پێشتر رایگەیاند بوو کە بە هاوكاری تیمەكانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەكان ، دەست بەلابردنی هەموو ئەو زیادەڕەوییانە دەكەن كە لەسەر موڵكی شارەوانی و كشتوكاڵ و گشتی دروستكراون.