Fariq Faraj Mahmood,Muhammet Jalal
03 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
سلێمانی - AA
لە شاری سلێمانی بەبۆنەی هەفتەی لێبوردیی جیهانی کۆنفرانسێک بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان رێکخرا.
کۆنفرانسەکە بە دەستپێشخەری رێکخراوی DCO و بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەری ئایین و ئایینزاکان لە هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە بەشداربوون.
لەبارەی کۆنفرانسەکە، میدیا رەئوف وەک نوێنەری رێکخراوی DCO بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەفتەی یەکەمی مانگی شوبات کە ناسراوە بە ھەفتەی لیبوردەیی جیھانی لە زۆر وڵاتی جیهان یادی دەکرێتەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش بۆ چوارەم ساڵە ئەم یادە دەکرێتەوە".
میدیا رەئۆف گوتیشی: "ئەمساڵ لە ئایین و مەزھەبە جیاوازەکاندا نوێنەریان بەشداری ئەم یادەیان کرد و نزایان بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە کرد، ھاوکات بەشێکی زۆر لە کەسایەتییەکان و نوێنەرانی کۆنسولخانەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش بەشدارییان لە یادەکەدا کرد".
میدیا رەئۆف باسی لە چالاکییەکانی رێکخراوەکەیان کرد و گوتی: "لە بواری ئاشتی و پیکەوەژیان، حەوت پلاتفۆرمی سەرەکیمان ھەیە و چالاکییەکانی لە خزمەت بەرەوپێشبردنی ئاشتی و پێکەوەژیانن لە هەرێمی کوردستان".
هەر لەم بارەیەوە کارگێڕی لقی سلێمانی یەکێتیی زانایانی ئایینی، مامۆستا کەریم عەبدوڵڵا گوتی: "ئەم جۆرە دیدارانە ساڵانەیە و ئێمە وەک کوردستان زۆرینەمان موسڵمانین و کێشەمان لەگەڵ ھیچ نەتەوە و ئایینێک نییە".
مامۆستا کەریم عەبدوڵڵا کە بەشداربوویەکی کۆنفرانسەکە بوو گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی باش و جوانمان جێبەجێ کردووە. رەنگە جوولەکەکان لێرە نەمابن، بەڵام مەسیحییەکان تا ئێستاش ھەر ماون و ھاموشۆمان ھەیە و ھیچ کێشەمان لەگەڵ یەکتر نەبووە، دەتوانم بڵێم ئەوەندەی لەگەڵ یەکتر لێکەوتەمان هەبوو، لەگەڵ ئایینەکانی دیکە نەمانبووە".
ئەو مامۆستا ئایینییەی شاری سلێمانی گوتیشی: "ھەر شتێک خزمەت بێت بە مرۆڤایەتی، پێمان باشە لەھەر ئایینێک بێت و بە پێچەوانەشەوە پێمان خراپە".