Zana Natık Kerem
03 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال کۆچەر رایگەیاند کە تەنھا بە رێککەوتنی سیاسیی، کۆتایی بە مشتومڕەکان لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ دەھێندرێت.
جەمال کۆچەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا سەبارەت بە تێپەڕاندنی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە برگە و ماددانەی کە لە بوودجەی گشتییدا ماون یەکلایی بکرێنەوە، پەیوەیستن بە رێککەوتنی سیاسیی بە تایبەتیش ئەوەی کە تایبەتە بە پشکی ھەرێمی کوردستان و گوتی:
"ھەر کاتێک ھەولێر و بەغدا گەیشتن بە رێککەوتن، ئەوا وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەران دیاریی دەکرێت".
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال کۆچەر ئاشکراشیکرد کە زۆربەی برگە و ماددەکانی نێو پڕۆژیاسای بوودجەی گشتیی گۆڕانکارییان تیایدا کراوە، بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەیستن بە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و کورتھێنانی بوودجە.
ئەمەیش لە کاتێکدایە کە شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی بە ئامانجی جێگیرکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ چەند رۆژێکە گەڕاوەتەوە بەغدا و تا ئێستا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە.