سلێمانی
چەند ساڵێکە لەشاری سلێمانی، گرنگی تایبەت بەبۆنەی سەری ساڵی تازە دەدرێ و حکومەت و لایەنە جیاکان بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکەن، خەڵکیش بەئاھەنگگێڕان و ھەڵدانی یارییە ئاگرینەکان پێشوازیی لە ساڵی تازە دەکەن.
شاڕێی سالم، شوێنی سەرەکی کۆبونەوەی خەڵکە بۆ بۆنەو یادەکان لەو شارە، ھاووڵاتیان لەو بۆنانەدا بەپیادەو جیاواز لەڕۆژەکانی تر چەندان کیلۆمەتر ڕێ دەکەن بۆ بینینی چالاکییەکان.
ئەو کەسانەی دوێنێ شەو لەشاڕێی سالم و شەقامی سەھۆڵەکە ئامادەی بینینی چالاکییەکان و ئاھەنگەکانی تایبەت بەساڵی تازە بوون ، ھەزاران کەس (پیاو وژن و منداڵ)دەبوون بەشێکیان لەناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتی ئێرانەوە ھاتبوون.
لەسەر شاڕێی سالم لەچەند شوێنی جیادا جگە لەھۆتێل و ھۆڵەکان ئاھەنگی تێدا ئەنجامدرا، ئاسمانی شارەکەش بەیارییە ئاگرینەکان ڕووناک کرایەوە.
ھێزە ئاسایشپارێزەکان ڕێوشوێنی ئاسایشی توندیان گرتبووە بەر بۆ پاراستنی رەوشی ئارامی.