Rewan Subhi
15 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2016
-ئەمڕۆ، دەستەی باڵای بنكەی لالشی رۆشنبیری و كومەڵایەتی لە هۆلی كۆنفرانسەكانی شاری دهۆك بە چەند چالاكییەك، دووەم ساڵیادی كومەڵكوژی گوندی كۆچۆی ساغ كردەوە كە نوێنەری سەرۆكی هەرێم، شێخ عەبدولموهەیمەن بارزانی ئامادەی بوو. نوێنەری ئێزدیەكان ئاماژەی بەوەكرد كە رەوشی ئێزدیەكان خراپە و پێویستە حكوومەت ئاوڕێك لە ژیانیان بداتەوە.
-لە سەرەتای رێورەسمی دووەم ساڵیادی كومەڵكوژی گوندی كۆچۆ، پێشانگایەكی فۆتۆگرافی سەبارەت بەكارەساتی شنگال كرایەوە هەروەها پەرتووكێك كە 21 لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی سەبارەت بەشنگال لە خۆ گرتبوو خرایە روو.
سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالشی رۆشنبیری و كومەڵایەتی لە پارێزگای دهۆك، شێخ شامو لە گوتەكەیدا راگەیاند "پێكهاتەی ئێزدی گرنگی خۆی هەیە، كاتێک داعش هێرشی كردە سەر عێراق و سووریا، جیهان بێ دەنگ بوو، بەڵام كاتێك هێرش كرایە سەر شنگال، ئەو كات وڵاتە زلهێزەكان هاتنە دەنگ و رووبەڕووی داعش بوونەوە".
شیخ شامو ئاماژە بەوەكرد كە 80%ی ناوچەكانیان رزگارکراون و گوتی: "بە سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی زۆربەی ناوچەكانمان ئازادكراون. تەنها 20%ی ناوچەكانمان ماون، كۆچۆ لە دەستی داعشدا ماوە، هەروەها سیپا و گرعوزێر، تەل قەسەف، تەل بەنان، بەڵام ئێمە دڵنیاین ئازادكردنی ئەو ناوچانەش زۆر نزیكبووەتەوە، وەك سەرۆك بارزانی فەرمانی كردووە، یەك بستی خاکی كوردستان لە دەستی داعشدا نامێنێت".
شێخ شامو ئاماژە بەوەیش كرد كە ئایندەكی زۆر رووناك لە پێش خەڵكی شنگالدا هەیە و ئاماژەی بە گرنگی پێدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "باشترین بەڵگە بەوەی كە گرنگی بە شنگال دەدرێت دروستكردنی فەرماندەیەكە بە هەشت هەزار پێشمەرگە لە خەڵكی شنگال، هەروەها سەكردایەتی كورد هەموو هەوڵێک دەدات شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و شنگالیەكان بڕیاری خۆیان بدەن".
شێخ شامو لە سەر زاری رزگاربووانی گوندی كۆچۆ داواكاری لە هەر سێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەبوو و گوتی: "نووسینگەیەك كراوەتە بۆ رزگاكردنی ئێزدیەكان، ئێمە سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەین، بەڵام ئەوانەی رزگاریان بووە پێویستە ئاوڕێك لەژیانیان بدرێتەوە، ژیانیان خراپە، با خێزانی شەهیدەكان وەكو شەهیدی جینۆساید مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، با رزگارکراوەکان وەكو زیندانیانی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، پێویستە مەزڵومیەتی ئێزدیەكان سەر راست بكرێت و رەوشیان باشتر بكرێت".
لای خۆیەوە بەرپرسی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەبدولخالق بابیری لە وتەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد كە هەموو كوردێك وەكو خەڵكی شنگال و كۆچۆ بریندارە و هەست بە ئازاری ئێزدیەكان دەكات، بۆیە هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە دەدرێت ئەو برینە سارێژ بكرێت.
بابیری باسی لەوەیش كرد كە شنگال و كۆچۆ تایبەتمەندێتی خۆیان هەیە و گوتی: "هێرشكردنە سەر شنگال و كۆچۆ زۆرداری ئایینی بوو لەسەر ئێزدیەكان و فەهمی شوفێنی نەتەوەیی عەرەبی بەرچاو كرد".
بابیری روونی کردەوە كە لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا گەلی كورد تووشی زۆر مەینەتی بووە و هێرشی داعش بۆسەر كوردستان بەردەوامی ئەو هێرشانە بوو كە دژی سیاسەتی نەتەوەیی گەلی كورد دەكرێت، هەروەها لێدانی پرۆژەی نەتەوەیی بوو كە رێگری لە گەلی كورد بكرێت بگاتە ئامانجەكەی.
بابیری گوتیشی: "عێراق بە سەقەتی درستكراوە، دەوڵەتێكی تەندورست نییە، بۆیە یان دەبێت كورد دەوڵەتی خۆی دروست بكات، یان جارێكی دیکە لە ژێر سێبەری ئەو دەوڵەتەی عێراق بژێت كە 100 ساڵە بە زۆرداری حوكم دەكات".
نوێنەری گوندی كۆچو، نایف جاسو لە وتەكەیدا ئاماژەی بەو زوڵم و زۆردارییە كرد كە لە 15/8/2014 داعش بەسەر خەڵكی گۆندی كۆچۆدا هێنای و ئاماژەی بەوەیش كرد كە 300 پیاو بە یەكجاری بە كۆمەڵ كوژران و گوتی: "داعش رەفتارێكی زۆر ناشرینی لەگەڵ كچ و ژنانی ئێزدی كرد".
نایف جاسو ئاماژەی بەوەیش كرد كە داخوازی رزگاربووانی كۆچۆ ئەوەیە كە پارتە سیاسیەكانی كوردستان یەك بگرن و با بۆ بەرژەوەندی گشتی هەر یەكێكیان 50% دەستبەرداری مافی خۆی بێت بۆ ئەوەی ئاشتەوایی نیشتمانی دروست ببێت و كار بۆ دەوڵەتێكی كوردی بكرێت.
گوندی كۆچۆ سەربە قەزای شنگالە و گوندێكی ئێزدینشیننە و لە ساڵی 1956 ئەم گوندە دروستكراوە، رووبەرەكەی پێنج هەزار و 400 دۆنمە، پێش داعش 1705 هاووڵاتی لێ دەژیا، داعش لە 15/8/2014 هێرشی كردە سەر گوندەکە و كوشتارێكی دەرهەق بە خەڵكی گوندەكە ئەنجام دا و 458 كەسیان لێ كوشت كە 380 پیاو بوون و 78 ژن.