Rawan Subhi Obaiullah
24 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2023
دھۆک - AA
ھونەرمەندی بواری فیلم، مەسعود عارف وەکو یەکێک لە خاوەن پشکەکانی چێشخانەکە لە دیدارێکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە بیرۆکەی دروستکردنی ئەو چێشتخانەیە له چەند ھونەرمەندێك وه‌رگیراوه کە ویستوویانە شوێنێک دروست بکەن کە دیزاینی ناوەوە و دەرەوەی هاوشێوه‌ی ئەو شوێنانە بێت کە پێشتر خەڵکی گوندەکان تیاییدا ژیاون و تەنھا کەلوپەلی کوردەواری تیاییدا بەکارهێندراوه.
ناوبراو ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو كه ویستوویانه لە بواری ھونەریشدا ئه‌و شوێنه بكه‌نه چه‌ترێك كه هونه‌رمه‌ندان كۆبكاته‌وه و له‌مباره‌یه‌وه گوتی: ''ئه‌م شوێنه ھەموومان پێکەوە دەبەستێنەوە، پێموایە ھەر کەسێک بێتە ناو چێشتخانەكه بیرەوەرییەکی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له كه‌لوپه‌له فۆلكلۆرییه‌كانی ناو چێشتخانه‌كه‌دا هه‌یه، ئەمەش ئەو مانایە دەگەیەنێت کە ھەموومان نیگه‌رانیمان له‌وه هه‌یه كه ئه‌و شوێنه و دیزاینه‌ی پێشووتر تیاییدا ژیاوین، ئێستا شێوێندراون و نه‌ماون''.
ھونەرمەند مەسعود عارف ئاماژەی بەوەشکرد كه له پاڵ ئەوەشدا کە چێشتخانه‌كه‌یان لە سەر شێوازی کوردەواری دروستکراوە، هاوكات سه‌دا ١٠٠ ئه‌و خواردنانەی کە پێشکەشی دەکەن کوردەوارین و گوتی: ''ئەو خواردنانەی کە پێشکەشی دەکەین ھی سەردەمانی باب و باپیرانمانە کە پێی دەڵێن ( سەرتێشتا شڤانی) واتا لە سەردەمانی پێشتر شوانەکان کە کاتی دەرچوونیان بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکان له‌گه‌ڵ خۆیانیان بردووه بۆ ژەمەکانی رۆژ وەکو نانی بەیانی و نیوەڕۆ خواردوویانە، ئێمە ھەوڵمانداوە بۆ نانی بەیانی ھەمان ئەو خواردنانە لە پاکێجێكدا پێشکەش بکەین، ئەو خواردنانەی لێرە دروست دەکرێن نابێت زەیتی بۆ بەکاربهێنین، سەردەمانی پێشتر چی‌یان بەکارھێناوە ئێمەش لێرە ئەوە بەکاردههێنین، ئەو خواردنانەی ئێمە بۆ نانی بەیانی پێشکەش دەکەین بریتین لە ( قەلیەی شوان، کەشک و رۆن، ئارد بە رۆنی خۆماڵی ( ئارخافک) تەحینی خۆماڵی، ھێلکەی کوردی و ھەنگوین) هه‌روه‌ها زۆرێکی تر لەو خواردنانەی کە کوردەوارین، ھەروەھا کارمەندەکانمان بە جلوبەرگی کوردییه‌وه خواردن پێشکەش دەکەن''.
خه‌ڵكی بیانی و كه‌سانه‌ی تامه‌رزۆی خواردنی كوردهواری زیاتر سه‌ردانی شوێنه‌كه ده‌كه‌ن و بووه‌ته شوێنێكی سه‌رنجڕاكێش بۆ سه‌ردانیكاران، چونكه جگه له نانخواردن ئه‌وا وێنه‌ی یادگاریش له ته‌ك دیزاینه فۆلكلۆرییهكه ده‌گرن.
هاووڵاتیەکی ئه‌مریكی بە ناوی رەیان کە بۆ خواردنه كورده‌وارییه‌كان سه‌ردانی چێشتخانه‌كه‌ی كردووه، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ماوەی حه‌وت ساڵە له شاری دهۆك نیشته‌جێم، ئه‌مڕۆش بۆیە ھاتووینەتە ئێرە چونکە شتێکی جیاواز لێرەدا دەبینین بە تایبەتی مرۆڤ لێرە ئاشنای كولتوور و خواردنی کوردەواری دەبێت، ئێمە لەم شوێنە زۆر ھەست بە ئارامی دەکەین، چونکە دەزانین لە ھەرێمی کوردستانین و ئەو بابەتانەی پێشکەش دەکرێن کوردەوارین کە پێشتر نه‌مانبینیووه''.