سلێمانی
عەزیز مەحمود ئەحمەدی پیاوێكی نابینایە، شمشاڵژەنێكی لێهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا شاعیرێكی میللیی كورد و بەندبێژێكی بەتوانایە.
عەزیز ئەحمەدی لەدایكبووی ساڵی 1957ی گوندی ساقاوای نزیك شاری روانسەر-ی سەر بە پارێزگای كرماشانە و لە تەمەنی شەش ساڵییەوە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە هەردوو چاوی لەدەست داوە، ئێستاش خێزاندارە و باوكی سێ كچە.
ئەو خوێندەواری نییە، لە بری چاوەكانی چەندین بەهرەی دیکەی وەك شیعرچڕین و بەندبێژی و شمشاڵ ژەنین هەیە، لە زۆربەی كۆڕ و كۆبوونەوەكانی شارەكەدا ئامادەیی هەیە و چالاكییەكانی خۆی پێشكەش دەكا.
لەگەڵ ئەوەشدا لە ژمێریاریدا بەتوانایە، وەك ئەوەی پێت دەڵێ تەنێك گەنم چەند دانەیە، دەیان ساڵی دیکە جەژنی رەمەزان و قوربان دەكەونە چ رۆژێكەوە، هەموو سەرزەوی چەند مەتری چوارگۆشەیە و بۆ داپۆشینی چەند قالی پێویستە.
ئەحمەدی لە تەنیشت ئاوی روانسەرەوە لەبارەی هونەرەكەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من خوێندەواریم نییە، بەڵام لە دابەشكاری بیركاری توانایەكی زۆرم هەیە."
ئەو بەشێك لەو بەهرانەی خۆی خستەڕوو كە دەیزانێ، لەوانە:
یەك مسقاڵ گەنم 96 دەنك گەنمە، یەك كیلۆ 20 هەزار و 480 دانەیە، هەروەها یەك تەن گەنم 20 ملیۆن و 480 هەزار دەنكە گەنمە.
ئەگەر بمانەوێ تەواوی گۆی زەوی كە 510 ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشەیە بە قالی داپۆشین، پێویستمان بە 42 تریلیۆن و 500 ملیار قاڵی 12 مەتری دەبێ.
هەزار ساڵ 31 ملیار و 575 ملیۆن و 600 هەزار چرکەیە.
ئەحمەدی لە كاتی لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، چەندین کەس بە ژن و پیاو منداڵەوە لێی كۆببوونەوە، هەریەك پرسیاری خۆی دەكرد و ئەحمەدی سەرسامی دەكردن و راست وەڵامی دەدانەوە.
هەروەها دەتوانێ بێ ئەوەی کەسەکان بناسێ، بزانێ چەند منداڵیان هەیە و چەندیان کوڕن و چەندیان کچن، ئەمەش ئەو کەسانەی چاویان بە ئەحمەدی دەکەوێ سەرسام کردووە.
لە كۆتاییدا بە ژەنینی شمشاڵ و گوتنی چەند بەندێك بەسەر ئەو كەسانەی لە چواردەوری بوون، ماڵئاوایی کرد.