Muhammet Ali Kemal
20 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2016
دۆشاوی بیبەر کە لە هاتای یەکێکە لەو دۆشاوانەی زۆرترین بایەخی پێدەدرێت، بە هەزار و یەک هەوڵ و ماندووبوون ئامادە دەکرێت و دەگەیەنرێتە خوانەکان.
ژنانی شارۆچکەی هاسا ئەو بیبەرە سوورانەی کە لەناوەڕاستی مانگی ئابدا لە کێڵگەکان کۆدەکرێنەوە، لەرێگەی بەکارهێنانی شێوازە کلاسیکەکانەوە، دەکەنە دۆشاوی بیبەر.
ئەوان سەرەتا تۆوەکانی نێو بیبەرەکان دەردەهێنن دواتر بیبەرەکان دەشۆنەوە و لەسەربان لەسەر پارچە نایلۆنی گەورە دایاندەنێن بۆ ئەوەی وشک ببنەوە.
دوای ئەوە دوو بۆ سێ رۆژ بیبەرەکان لەسەربانەکان جێدەهێڵرێن کە وشک بوونەوە، ورد دەکرێن و دەکرێنە دۆشاو.
دواجار دەکرێنە بتڵی شووشەوە و لە شوێنێکی فێنکدا پارێزگارییان لێدەکرێت، بەو شێوەیەش پێداویستیی ساڵێکی ماڵەکە لە دۆشاو دابین دەکات.
یەک لە ژنانی ماڵەوە بەناوی جەبریە شیمشەک بەپەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت ئەو دۆشاوی بیبەرەی لە ماڵەوە درووست دەکرێت بەراورد بەوەی لە کارگەکان درووستدەکرێت زۆر بەتامتر و تەندرووستترە.
شیمشەک ئاماژەی بەوەکرد درووستکردنی دۆشاو بەگشتیی لە کۆتایی مانگی ئابدا دەستپێدەکات و گوتی: ''ماوەی مانگێکی پێدەچێت تاوەکو بەرهەم دەهێنرێت. لەهەر کۆڵانێک سێ بۆ پێنج ژن کۆەبنەوە و بەهاریکاریی یەکتر دۆشاوەکە درووست دەکەن. ئەو دۆشاوەی لەم مانگەدا درووستی دەکەین، بەشی ساڵیکمان دەکات''.
جەبریە شیمشەک باسی لەوەکرد لە ناوچەکەی ئەوان دۆشاوی دەستکردی ماڵەوە کیلۆی بە 15 لیرە (پێنج دۆلار) و خێزانێکی چوار کەسی لە ساڵێکدا نزیکەی 15 کیلۆ دۆشاو بەکاردەهێنن.