Hemn Baban
30 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2015
فازڵ میرانی دەڵێت پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین دەكەن هاوكات دامەزراندنی دوو دەوڵەت وەكو چارەسەرێك بۆ كێشەكان.
ئەمڕۆ لە كونسوڵخانەی فەڵەستین لە شاری هەولێر رێورەسمی یادكردنەوەی رۆژی جیهانی پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین 29ی تشرینی دووەم كرایەوە، لەو رێورەسمەدا ژمارەیەك كونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حزبی و حكوومی ئامادەی بوون، چەندین وتاریش خوێندرانەوە.
باڵیۆزی فەڵەستین لە هەرێمی كوردستان نەزمی حەزووری لە دەستپێكی رێورەسمەكە پاش بەخێرهێنانی میوانانی كونسوڵخانە لە وتارێكدا لەبەردەم ئامادەبووان باسی لە گرنگیی رۆژی 29ی تشرینی دووەم كرد وەكو یەكێك لەو رۆژانەی لە مێژووی وڵاتەكەی كاریگەری و بایەخی تایبەتی هەیە بەو پێیەی كە چارەسەر بۆ بارودۆخی ئاڵوزی دەیان ساڵەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دادەنێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین.
حەزوری باسی لە مێژووی پەیوەندیی كورد و فەلەستینییەكانیشی كرد و بە پێویستی زانی ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان سەركردەكانی هەردوو لا هەبوون سوودیان لێ وەربگیرێت بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەكی پتەوتر و باسی لە پەیوەندیی نێوان سەرۆكی پێشووی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین یاسر عەرەفات و سەركردەی كورد مەلا مستەفای بارزانی كرد.
لە درێژەی قسەكانیدا حەزووری كە پۆستی باڵیۆزی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان لە بری كونسول هەیە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بارودۆخی نێوخۆیی فەڵەستین دەبێت باشتر بكرێت و كۆتایی بە گرژیی نێوان لایەنەكانی سیاسیی بهێنرێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە بۆ ئەوەی بارودۆخی فەڵەستین و فەڵەستینییەكان بەرەو باشتر بڕوات.
كۆمەڵەی گشتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1977 داوای كرد هەموو ساڵێك لە 29ی تشرینی دووەم یاد بگێردێت بۆ رۆژی پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین، لەو رۆژەدا لە ساڵی 1947 كۆمەڵەی گشتی بڕیاری دابەشكردنی فەڵەستینی ژمارە 181 پەسەند كرد.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی لە وتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبووانی كونسوڵخانە كە بۆ پیرۆزبایی و پشتیوانی لەو رۆژە هاتبوون سوپاسی كونسوڵخانەی فەڵەستینی كرد بۆ داوەتكردنییان بۆ ئەو بۆنەیە، گوتیشی: "پێمخۆشە بەناوی حكوومەتی هەرێمەوە لێرەدا لەگەڵتان بم بۆ زیندووكردنەوەی رۆژی پشتیوانی لەگەڵ گەلی فەڵەستین لە هەولێر و جەخت لەسەر پەیوەندییەكانی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی كورد و فەڵەستین دەكەینەوە".
گوتیشی: "ئەم رۆژە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان پابەندبوونەكانی خۆی بەرامبەر گەلی فەڵەستین دەهێنێتەوە یاد لە رێگەی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ كێشەی فەڵەستین و كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكانی فەڵەستین و ئیسرائیل".
دزەیی ئەوەشی گوت "دەمانەوێت ئەوە دووپات بكەینەوە كە مافی فەڵەستینییەكانە دەوڵەتی خۆیان و ژیانی ئارامیان هەبێت، ئەوەیش بە پەنابردن بۆ توندوتیژی نابێت، بەڵكو بە وتوێژ و پەنابردن بۆ شەرعییەتی نێودەوڵەتی".
لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ رووبەڕووی ركابەرایەتیی نوێ و گەورە دەبینەوە كە هەڕەشە لە كیان و بوونمان دەبێتەوە، ئێمە خۆمان بینییەوە لە بری جیهان شەڕ لەگەڵ گرووپێكی تیرۆریستی گەورە دەكەین سەرباری قەیرانێكی دارایی گەورە كە رووبەڕووی دەبینەوە، بۆیە بەردەوام دەبین بە پاڵپشتیی دۆستەكانمان لەو شەڕە و ئاوەدانكردنەوەی هەرێم، هەروەها ئەمڕۆ پێشمەرگە توانی خۆڕاگر بێت بەرامبەر بەو گرووپە تیرۆریستییانە و سڵاوییان بۆ دەنێرین كە لە بری جیهان بەرگریی لە ئازادی و لێبوردەیی دەكەن".
لە نێو ئامادەبووانی رێورەسمەكەدا ژمارەیەك وەزیر و بەرپرس و سكرتێری حزبەكانی هەرێم هەبوون، ئامادەیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوێنەرایەتی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە فازڵ میرانی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هێمن هەورامی دیارترین بوو، لەگەڵ ئەوەشدا باڵیۆزی سوودان یاسین عەوەز لە پاڵ كونسوڵەكانی وڵاتی توركیا لە هەولێر محەمەد عاكیف ئینام و كونسوڵ و جێگری كونسوڵی ئێران ئامادەی ئەو یادكردنەوەیە بوو.
نەزمی حەزووری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئەو رۆژەوە گوتی: "رۆژی 29ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك رۆژی پشتیوانیكردنە لەگەلی فەڵەستین، ئەو بڕیارە لە ساڵی 1977 لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بڕیاری دا ئەو رۆژە بكرێتە رۆژێكی جیهانی وەكو پاڵپشتییەك بۆ گەلی فەلەستین و هەموو ساڵێك فیستیڤاڵێك بۆ پشتیوانی لە فەڵەستیینییەكان لە هۆڵێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە، سەرباری ئەوەی ئەەو وڵاتانەی بە رەسمی پاڵپشتی بڕیارەكەیان كردووە یادی دەكەنەوە، ئەوەش نزیكبوونەوەی جیهانە لە مافی رەوای فەڵەستینییەكان كە خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەت لە پێش هەموویانەوە دەبینێتەوە".
گوتیشی: "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شوێنی گونجاوە بۆ گەیشتن بە مافەكانمان لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین كە پایتەختەكەی قودس، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئاشتیین و ئەوەش وا دەكات پێویست بێت جیهان ئیسرائیل پابەند بكات بە پاڵپشتیكردنی ئەو دەوڵەتە".
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشداربوونی ئێمە بۆ گەلی فەڵەستین و هەر میللەتێكی خەباتكار لەپێناوی ئازادی گوزارشتە لە مرۆییانەی بیركردنەوەی تاكی كوردستانی و هێزەكانی سیاسیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتاوە پشتیوانی لە بزووتنەوەكانی ئازادیخوازی جیهان كردووە، پەیوەندییەكانی ئێمە و رێكخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و شەهید ئەبو عەممار هی ئێستا نییە، ئەگەر ئێمە لێرە ئامادەنەبین كێ ئامادەبێت؟، ئێمە پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین دەكەین و پشتیوانی دوو دەوڵەت دەكەین بۆ چارەسەری كێشەی فەڵەستین و پشتیوانی ئەوە دەكەین چیتر فەڵەستینی لەنێوان وڵاتان لێرە و لەوێ ئاوارە نەبێت".