Heman Hussein Yaseen
22 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی راسپێردراون بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازیی لە ئاوارەکان بکرێت.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەوە، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە میانی بەشداریکردنی لە بەسەرکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەزرکردنەوەی پلەی ئەفسەران رایگەیاندووە کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی راسپێردراون بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازیی لە ئاوارەکان بکرێت.
رێبەر ئەحمەد راشیگەیاندووە کە "تا ئێستا نزیکەی پێنج ھەزار پەنابەر گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان و جەختی لەوەیشکردووەتەوە کە پەنابەران لەودیوو سنوورەوە گرفتیان بۆ دروست دەکرێت و ھەندێک لە پەنابەران ئەوەیان راگەیاندووە کە بە رێگای قاچاخ و پێدانی بڕێک پارە خۆیان گەیاندووەتە ھەرێمی کوردستان".
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە سنوور لە ھەرێمی کوردستان کراوەیە و وەکو جاران ھاوکارییە مرۆییەکان رەوانە دەکرێن، بەڵام لەو دیوەوە رێگە بە ئاوارە و پەنابەران نادرێت بە شێوەیەکی یاسایی بێن.