Hemn Baban
02 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2016
- عەباس گەنجێكی تەمەن 21 ساڵەی ناحیەی گەیارەیە، پێنج مانگ لەمەوبەر چەكدارانی داعش لەژێر پاساوی جێبەجێكردنی یاساکانیاندا و بەتۆمەتی دزینی چەك لەنێو بازاڕی شارۆچكەكە دەستیان پەڕاند. لەو شوێنەی کە بە"پاڵەوان" ناودەبرێت.
- عەباس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی ئەوە دەكات چۆن ویستوویەتی دژایەتی ستەمكاریی داعش بكات كاتێك ویستوویەتی چەك لەیەكێك لە بارەگاكانی داعش ببات، بەڵام دەستبەسەردەكرێت و بۆ هەمیشە ژیانی دەگۆڕێت.
عەباس گەنجێكی تەمەن 21 ساڵەی ناحیەی گەیارەیە، پێنج مانگ لەمەوبەر چەكدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەژێر پاساوی جێبەجێكردنی یاساکانیاندا و بەتۆمەتی دزینی چەك لەنێو بازاڕی شارۆچكەكە دەستیان پەڕاند. لەو شوێنەی کە بە"پاڵەوان" ناودەبرێت، عەباس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی ئەوە دەكات چۆن ویستوویەتی دژایەتی ستەمكاریی داعش بكات كاتێك ویستوویەتی چەك لەیەكێك لە بارەگاكانی داعش ببات، بەڵام دەستبەسەردەكرێت و بۆ هەمیشە ژیانی دەگۆڕێت.
چەكدارانی داعش دەستی عەباسیان بڕییەوە، بەڵام ئەو سوپاسی خوا دەكات كە ملییان نەپەڕاند و ئاماژە بەوەدەکات چەکدارانی داعش حەواڵە بە خوا دەکات تا تۆڵەی بڕینی دەستی بۆ وەربگرێتەوە.
عەباس، گەنجێكی دانیشتووی ناحیەی گەیارەیە كە 60 كیلۆمەتر لە مووسڵ "پایتەختی خەلافەتەكەی داعش"ەوە دوورە، پێش چەند رۆژێك ئەو ناحیەیە لەلایەن سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی دیكەوە کۆنترۆڵکرایەوە، ئەمە ئەو گەنجەی زۆر دڵخۆشكرد، بەڵام ئەو كە قوربانییەكی ناسراوی داعشە، رێکخراوەکە ژیان و چارەنووسی ئەویان بەشێوەیەك گۆڕی كە وەكو خۆی دەڵێت" ئایندەیان سووتاندم".
وەک تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو زۆر بەدوای ماڵەكەی عەباس عەلیدا گەڕاین تا بیدۆزینەوە و قسەمان بۆ بكات، تا دواجار لەمزگەوت گەڕایەوە و نوێژی نیوەڕۆی تەواوكردبوو، ئەو لەدوورەوە لە كەسەكانی دیكەی تەنیشی جیادەكرێتەوە بەوەی تەنها یەك دەستی هەیە، دەستەكەی دیكەشی داعش وەكو بانگەشەی بۆ دەكەن لەرێی جێبەجێكردنی یاساکانەوە بڕیویانەتەوە.
عەباس لەدایكبووی ساڵی 1995ە، ئەو گەنجێكی ئەسمەر و تەواو باریك، قژێكی رەش و تەنكە ریشێكی هێشتووەتەوە، تراكسوتێكی رەش و فانیلەیەكی سووری لەبەركردووە، دەستی راستی كە بڕاوەتەوە بەپارچە قوماشێكی شین داپۆشیوە. گەنجێك نیگاكانی زۆر شتی لێدەخوێندرێتەوە، بەتایبەت بێزاریی و نەهامەتیی، ئەو لەگەڵ هاوڕێكانیدا زۆر تەبایە، لە ناوچەكەی خۆی و لە نێو گەڕەكەكەی زۆر رێزیان لێدەگرت، پیاوێكی دراوسێشیان زوو زوو پێی دەگوت "عەباس پاڵەوانە".
سەبارەت بە چیرۆكی بڕینەوەی دەستی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە عەباس بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "دوای ئەوەی دوو ساڵ بوو داعش ناوچەكانی ئێمەی داگیركردبوو، ستەم و زوڵمێكی زۆری لەخەڵك كرد، بێزارییەكی زۆری لەناو خەڵك درووستکردبوو، تۆمەت درووستكردن، كوشتن، ئەشكەنجەدان، سزادان، هەمووی بەرامبەر بە خەڵك دەكرد، بۆیە من زوو زوو دەمویست بچمە بارەگاكانی داعش بۆ ئەوەی چەكیان لێببەم و وەكو بێزارییەك بەرامبەریان تەقەیان لێ بكەم. ئەوە بوو شەوێك چوومە یەكێك لە بارەگاكانیانەوە لە گوندی زاویە لە نزیك گەیارە، بەڵام لەوێ چەكدارەكانییان كە لەنێو ئاوەوە چاودێرییان دەكرد ئاشكرایان كردم و گرتیانم، مەبەستی من ئەوەبوو چەكێكیان لێببەم و لەكاتی گونجاودا تەقەیان لێبكەم".
عەباس كە لەناوەڕاستی گەڕەكەیاندا لە گەڕەكی شەهیدان لەنێو گەیارە قسەی بۆ ئێمە دەكرد دەستی بووبوویە جێی سەرنجی هەموو ئەوانەی لەو شوێنەوە تێدەپەڕین، تەنانەت منداڵەكانیش زۆر سەرنجییان دەدایە دەستی، ئەو درێژە بە قسەكانی دەدات و زۆر بە بێزارییەوە وەكو ئەوەی بڵێی هیچ تاقەتێكی قسەكردنی نەبێت باس لە چیرۆكی دەست بڕینەكەی لە كاتی جێبەجێكردنی حوكم بەسەریدا دەكات و دەڵێت: "رۆژی 23ی ئازار لەنێو بازاڕی گەیارە داعش بەزۆر خەڵكێكی زۆری كۆكردبوویەوە لەنێویاندا كەسوكاری خۆشم هەبوون، دەستیان بڕیمەوە و تۆمەتی دزیكردنییان دایە پاڵم".
سەبارەت بە ساتەوەختی بڕینەوەی دەستیشی دەڵێت: "یەك مانگ لە زیندانەكانیاندا مامەوە و خۆریشم نەبینی، هەموو رۆژ لێدان و ئەشكەنجە بوو، كەسێك كە خەڵكی شەرگات بوو بەناوی ئەبو سلێمان حوكمی دەستبڕینی بەسەرمدا سەپاند، ئەو رۆژەی حوكمەكەیان جێبەجێكرد پێشوەخت بردیانم بۆ نەخۆشخانەی گەیارە و لەوێ بەنجییان لەدەستم دا، دواتر بە مەقەستێكی گەورەی ئاسن لەبەرچاوی خەڵك و لەنێو بازاڕ دەستیان بڕیمەوە، پاشان بردیانم بۆ نەخۆشخانە و برینەكەیان بۆ دووریمەوە، ئازارێكی زۆرم هەبوو".
عەباس كە هێشتا خوێندکارە و وەك دەڵێت بەهۆی داعشەوە وازی لە خوێندن هێناوە، ئێستا بە بێتاقەتییەوە باس لەوەدەكات كە ژیانی لەچاو پێشتردا زۆر گۆڕاوە و بەهۆی بڕینی دەستییەوە "ژیانم زۆر گۆڕاوە" و دەشڵێت: "بڕینەوەی دەستم لەرووی دەروونییەوە تووشی شۆكی كردووم، رووداوێكی زۆر ناخۆش بوو، رۆژێك بوو ژیانی گۆڕیم، چارەنووسی گۆڕیم، ئایندەی سووتاندم، ئێستا نە دەتوانم بخوێنم، نە دەتوانم كاربكەم، بۆ هەر ئیشێكیش دەبێت لەماڵەوە بەردەوام كەسێك هاوكاریم بكات، ناتوانم بە یەك دەست هەموو ئیشێك بكەم".
ئەو نەیدەتوانی ئەو قسانەی کە لەدڵیدا پەنگیان خواردووەتەوە، دەرببڕێت، وەك ئەوەی بە ئێمە بڵێت 'تازە دەستیان بڕیمەوە هیچ شتێك ناتوانێت بۆم بگەڕێنێتەوە'، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سوپاسی خوای دەكرد كە لەجیاتی دەستی ملییان نەپەڕاندووە، عەباس زوو زوو دوعای دەكرد كە خوا لێی خۆشبێت و دەیگوت ئەوەی كردی بۆ دژایەتیكردنی ستەم بوو، بەڵام داعش بە "دزی" ناساندی.
عەباس گوتیشی ئەوەی ئەو ویستی بیكات دزی نەبوو، ئەو ویستی چەكێك لەداعش ببات بۆ ئەوەی چەكدارەكانی ئەوانی پێ بكوژێت، باس لەوەشدەكات پێش ئەو رووداوە چەندین جار بەنزینی لە ئۆتۆمبیلەكانی داعش بەتاڵ كردووەتەوە، یان باتری ئۆتۆمبیلەكانی لە كار خستوون تەنها بۆ ئەوەی نەهێڵێت بە خواستی خۆیان بژین.
لە كۆتایی قسەكانیدا عەباس گوتی چەكدارانی داعش حەواڵە بە خوا دەکات تا تۆڵەی بۆ بكاتەوە.
عەباس نموونەی قوربانییەكی دەستی چەكدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە کە بەناوی جێبەجێكردنی یاساکانیانەوە چارەنووس و ژیانی لێکراوە بە دۆزەخ، ئەم گەنجە بۆ خوراندنی سەری، سڕینی عارەقی، كردنەوەی دەرگای ئۆتۆمبیل، تەنانەت بۆ خواردنیش كێشەی بۆ دروستبووە، چیدی ناتوانێت وەكو پێش 23ی ئازار هەرچییەكی بوێت بیكات.